کەنەدا بەنیازە سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت ئێران

نوچەنێت:

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند، حکومەتەکەی بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێت سوپای پاسداران بخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

ڕۆژی سێشەممە (9/ کانونی دووەم/ 2024) رادیۆفەردا، بڵاویکردەوە، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی فڕۆکە کەوتووەکەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، حکومەتەکەی بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ زیادکردنی سوپای پاسداران بۆ لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەم رێوڕەسمەدا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە (دوێنێ) لە شاری ریچمۆندیل لە کەنەدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی پێشتر لە وەڵامی کارەکەی سوپای پاسداران هەندێک کاری کردووە و چاوی لەوەیە، کە کردەوەی زیاتر بکات.

ترۆدۆ دەڵێت، ئێمە دەزانین بۆ لێپرسینەوە لە رژێمی ئێران، پێویستە زیاتر کار بکەین، لەوانەش بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی ریزبەندیکردنی سوپای پاسداران، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، بەردەوام دەبین.

گەشتی ژمارە 752ی فڕۆکەی ئۆکراین لە بەرەبەیانی 8/ کانونی دووەم/ 2020، کەمتر لە سێ خولەک دوای بەرزبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی تاران بووە ئامانجی دوو مووشەکی سوپای پاسداران و هەر 176 سەرنشینەکەی کوژران.

لە نێو ئەو 176 کەسەی کە گیانیان لەدەستدا، 55 کەسیان رەگەزنامە و 30 کەسیان تریش ئیقامەی هەمیشەیی کەنەدایان هەبوو.

بنەماڵەی ئەم قوربانیانە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا داوایان لە حکومەتی کەنەدا کردووە، کە سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 2015 لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی ناوی سوپای پاسدارانی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، پەرلەمانی کەنەدا، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، داوای لە حکومەتی ئەم وڵاتە کرد، کە سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنیت.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین