ئێران: چوار گیراوی سیاسی کورد سزای لەسێداردانیان بە سەردا سەپێندرا ئێران

نوچەنێت:

چوار زیندانی سیاسی کورد بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

رۆژی یەکشەممە (حەوتى کانوونی دووەم/2024) رادیۆفەردا، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسن مەزلوم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپا.

مەسعوود شەمسنژاد، پارێزەری دەستنیشانکراوی بنەماڵەی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە، لە تویتێکدا ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی دادگاییکردنی ئەو چوار کەسە دادپەروەرانە نەبووە و تەنیا لەسەر کاغەز پارێزەریان بووە. دەشڵێت "سزای کۆتایی لەسێدارەدان بە دادپەروەرانە نازانم''.

وردەکاریی ئەو تۆمەت و حوکمەی کە لە دژی ئەو زیندانیانە دەرچووە، روون نییە و سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لەوانەش ماڵپەڕەکانی هەنگاو و هەرانا، ئاماژەیان بە نهێنی بوونی هەموو قۆناغەکان لە دەستگیرکردن و دادگاییکردن کردووە و لە ئەگەری لەسێدارەدانی بەو زووانەی ئەو زیندانیانە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو چوار کەسە ئەندامی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بوون و لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە ناحیەی سۆمای برادۆست لە شاری ورمێ دەستبەسەر کراون.

دوای دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە، میدیاکانی حکومەت لەوان ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بە "هەوڵدان بۆ تەقینەوە لە دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئیسفەهان تۆمەتبار کرد".

بە پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە، حزبی کۆمەڵی کوردستانی ئێران، ئەو بانگەشانەی بە بێ بنەما ناوبرد و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بۆ سەرکوتکردنی زیاتری خەڵک و ناڕازییەکان باسکراوە.

جێگەی ئاماژەیە، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا چوار زیندانی سیاسی دیکە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دران.

سەرچاوە: رادیۆفەردا 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین