له‌سه‌ر داواى نێچیرڤان بارزانى شاندێكى باڵاى رۆژئاواى كوردستان بانگهێشتى فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

دوو به‌رپرسى پارته‌كانى رۆژئاواى كوردستان ئاشكراى ده‌كه‌ن، به‌م نزیكانه‌ شاندێكى باڵاى رۆژئاوا به‌ بانگهێشتێكى فه‌رمى سه‌ردانى فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن. ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ دووپاتیشى ده‌كه‌نه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رۆڵى له‌ بانگهێشتنامه‌كه‌ هه‌بووه‌.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ عه‌بدولكه‌ریم محه‌مه‌د له‌ پارتى دیموكراتى كوردستانى- سووریا و سه‌ما به‌كداش گوته‌بێژى په‌یه‌ده‌ به‌ رووداویان راگه‌یاندووه‌، شاندێكى باڵاى رۆژئاواى كوردستان به‌ به‌نگهێشتێكى فه‌رمى سه‌ردانى فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن و داوه‌ته‌كه‌یش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى فه‌ڕه‌نساوه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌.

عه‌بدولكه‌ریم محه‌مه‌د له‌سه‌ر ئه‌م بانگهێشتنامه‌یه‌ ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ كه‌ فه‌ڕه‌نسا بایه‌خ به‌ ناوچه‌كه‌مان ده‌دات و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیش رۆڵێكى گرنگ هه‌یه‌ له‌ بانگهێشتكردنى ئه‌م شانده‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، فه‌ڕه‌نسا رۆڵێكى گرنگ و ئه‌رێنى له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بووه‌ و ئه‌م بانگهێشتكردنه‌یش  دانپێنانێكى سیاسییه‌ به‌ ناوچه‌كه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى. 

سه‌ما به‌كداش گوته‌بێژى په‌یه‌ده‌ له‌سه‌ر گرنگى ئه‌م بانگهێشته‌ لێدوانى بۆ  "رووداو" داوه‌ و ده‌شڵێ، "هه‌موو پێكهاته‌كانى رۆژئاواى كوردستان نوێنه‌ریان له‌ شانده‌كه‌ ده‌بێت".

سه‌ما ده‌ڵێ، "فه‌ڕه‌نسا ده‌یه‌وێ رۆڵێكى گرنگى له‌ رۆهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌بێت و دواى كشانه‌وه‌ى به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتى ئه‌ورپا، ئێستا فه‌ڕه‌نسا له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و دواى سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ناردنى نوێنه‌رایان بۆ ناوچه‌كه‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان پاڵپشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بابه‌تى یه‌كگرتنى كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێشى بخه‌ن".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین