وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان: بەغدا بەهەر نرخێک نەوت بنێرێت بەهەمان نرخ دابەشى دەکەین کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وەزارەتى سامانەسرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان سەبارەت بەنرخى دابەشکردنى نەوتى ڕایدەگەیێنێت، "بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیان دابەشی دەکات."

ڕۆژى سێشەممە (28/تشرینى دووەم/2023) وەزارەتى سامانەسرووشتییەکان روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "پاش ئەوەی لەكۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق كە لە رێكەوتی (12)ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ وەزارەتمان جەختی كردەوە لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق."

هەروەها روونکردنەوەى زیاتر دەدات و تێیدا هاتووە، "ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاندی وەزارەتمان داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق، خۆشبەختانە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بە پشت بەستن بە داواكاریی و هەوڵەكانی وەزارەتمان داواكاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بۆ ئەنجومەنی باڵای ئابووری حكومەتی عێراق بەرز كردووەتەوە بەمەبەستی رەزامەندی دەربڕین."

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان  دووپاتى دەکاتەوە، "هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە لەكاتی دەستپێكردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیان دابەشی دەکات."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین