خامنەیی: لانیکەم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پەیوەندییەکانتان لە گەڵ ئیسرائیل رابگرن ئێران

نوچەنێت:

خامنەیی داوای لە حکومەتە ئیسلامییەکان کرد کە "لانی کەم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو" پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.

بە گوێرەی ئاژانسەکان، کە لە (رۆژی دووشەممە (20/ تەشرینی دووەم/ 2023)) بڵاویانکردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، رۆژی رابردوو، بە ئامادەبوون لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای ئاسمانی عاشورا، دوایین دەستکەوتەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی لە پێشانگای هەمیشەیی ئەم هێزەدا بەسەرکردۆتەوە. 

بەگوێرەی میدیای ئێران، خامنەیی لە لەمیانەی دیداری لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکان لە پێشانگاکە رایگەیاندووە، گەلان بە درێژەدان بە کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکانیان، نەهێڵن زوڵمی گەلی فەلەستین لەبیر بکرێت. هاوکات داوای لە حکومەتە ئیسلامییەکان کرد، کە "لانی کەم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو" پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.

رێبەری ئێران دەشڵێت، وادیارە هەندێک لە حکومەتە ئیسلامییەکان لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا تاوانەکانی ئیسرائیلیان شەرمەزار کردووە و هەندێکیشیان هێشتا نەیانکردووە، بەڵام ئەمە قبوڵکراو نییە.

لە ماوەی رابردوو، دوای ئەوەی خامنەیی بۆ یەکەم جار داوای لە وڵاتە ئیسلامییەکان کرد بازرگانی شتوومەک و وزە لەگەڵ ئیسرائیل رابگرن؛ رۆژنامەی سەباحی تورکی، بڵاویکردەوە، ئەو نەوتەی لە تورکیاوە بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت سەرچاوەی نەوتەکە هی ئێرانە و روونە کە تورکیا نەوتی نییە. 

حکومەتی ئێران خۆی بێدەنگ کرد و پەرلەمانتارێک رایگەیاند، ئێمە بەرپرسیاری نەوتی فرۆشراو نین و بەڵام بۆ ئەو دەنگۆیە بەدواداچوون دەکەین.

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە فەلەستینییەکان لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، دوابەدوای هێرشی لەناکاوی حەماس بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوون و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی دەورووبەری غەززە، ئاستی هەڕەشەکان و هەندێک هێرشی بەدخوازانە لەلایەن گرووپ و میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە، بەتایبەتی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن چڕتر بووەتەوە. 

ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بە گێڕانەوە لە سێ بەرپرسی باڵای ئێران، بڵاویکردەوە، خامنەیی لە دیدارەکەیدا لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم لە تاران بە ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی باڵی سیاسی حەماسی راگەیاندووە، لەبەر ئەوەی حەماس، ئێرانی لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل ئاگادار نەکردۆتەوە، تاران ناچێتە ناو شەڕەکەوە.

غولام عەلی حەدادعادڵ، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لە دوایین چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی "افق" رەتیکردووەتەوە ئێران بچێتە ناو شەڕی غەززە. بە گوتەی ئەو، ئیسرائیل خوازیاری ئەوە بووە، کە ئێران بچێتە ناو شەڕی غەززەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین