سەدر لە گرتنی ئەفسەرەكان دێتە دەنگ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

حكومەتی عێراق بە تۆمەتی كەمتەرخەمی لە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا سزای 18 ئەفسەر دەدات. موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بەرگری لەو ئەفسەرانە دەكات و بە "پاڵەوان" ناویان دەبات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئەیلوولی 2023 دوای ئاشكرابوونی سەپاندنی سزا بەسەر كۆمەڵێك ئەفسەر، نامەیەكی موقتەدا سەدر بڵاوكراوەتەوە، كە پاڵپشتی لە ئەفسەرەكان دەكات و هێرش دەكاتە سەر حكومەتی عێراق.

لە نامەیەك كە بە ناوی خێزانی 28 ئەفسەر، ئاراستەی سەدر كراوە، ئەوە روونكراوەتەوە، رۆڵەكانیان گیراون و یانیش لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە، بە هۆی ئەوەی بەرەنگاری ئەو كەسانە نەبوونەتەوە كە بەشداربوون لە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید، بۆیە داوای هەڵوێست لە موقتەدا سەدر دەكەن. سەدریش لە پەراوێزی نامەكە سەرنجی خۆی بەم شێوەیە نووسیوە، "لەلایەن ئێمەوە سڵاو ورێز و شكۆ بۆ هەڵوێستی پاڵەوانەیان و بیروباوەڕیان كە تا مابم لەبیریان ناكەم. سەیر نییە سزایەكی لەم شێوەیە لەو حكومەتە (عەباسیە) دەربچێت، ئەوان بەیانیان لەگەڵ قورئان، لەگەڵ باوەڕیش بە هەمان شێوە. شتێكیان نییە جگەلە كورسی و گەندەڵی و سامان ".

دوێنێ‌ فرانس پرێس ئاشكرای كرد، سزای گرتن بۆ 18 ئەفسەری پۆلیس دەرچووە، هەشت كەسیان سزای سێ‌ ساڵ ، حەوت ئەفسەریان دوو ساڵ و سێ‌ مانگ، بڕیاری گرتنی ساڵێك و شەش مانگیش بۆ سێ‌ ئەفسەرەكەی تر دەرچووە. بە تۆمەتی ئەوەی بە ئەركی خۆیان لە پاراستنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا هەڵنەساون كە لە 20 تەمووز سوتێنرا. وەك كاردانەوەیەك لەبەرانبەر سووتاندنی قورئان لە سوید.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین