ئابووریناسێك: عێراق لە وەستانی نەوتی هەرێم 50 ملیۆن دۆلار قازانج دەكات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی بەناوبانگی عێراق بە لێكدانەوەی خۆی دەریدەخات كە عێراق لە وەستانی نەوتی هەرێمی كوردستان مانگانە 50 ملیۆن دۆلار قازانج دەكات.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئابی 2023 نەبیل مەرسوومی بڵاویكردووەتەوە، بڕی كەمكردنەوەی هەناردەی عێراق بەگوێرەی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس رۆژانە 430 هەزار بەرمیلە. پشكی ئێستای عێراق لە بەرهەمهێنان چوار ملیۆن و 220 هەزار بەرمیلە و بەكاربردنی ناوخۆیش لە نەوتی خاو 720 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە. 

توانای هەناردەكردنی پلان بۆ دانراو لە بودجەی گشتی 2023 سێ‌ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، كەچی هەناردەی مانگی تەمووزی رابردوو سێ‌ ملیۆن و 440 هەزار بەرمیل بووە. واتە جیاوازییەكە لە نێوان هەناردەی راستەقینە و توانای هەناردەكردن 56 هەزار بەرمیل بووە، تێكڕای نرخی بەرمیلێكی فرۆشراویش 78 دۆلار بووە.  زیانی راستەوخۆی دارایی عێراق لە مانگی تەمووز بەهۆی جیاوازی توانای هەناردەكردن و هەناردەی راستەقینە، 136 ملیۆن دۆلار بووە. 

 عێراق ئێستا بە لایەنی كەمەوە 50 ملیۆن دۆلاری قازانجە

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، جیاوازی نێوان نەوتی عێراق و نەوتی هەرێم بەگوێرەی هەژماركردنی كۆمپانیای دیلۆیت كە وردبینی لە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، هەشت دۆلارە، ئەمەیش بە هۆی جۆری نەوتەكەی هەرێمی كوردستان كە قووڕسترە. دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم بەگوێرەی لێكدانەوەكەی مەرسوومی دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق هەناردەی باشووری بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەم بكاتەوە. زیانی عێراق بە هۆی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بە هۆی جیاوازی نرخەكە مانگانە 99 ملیۆن دۆلار دەبێت، تێپەڕبوون و گواستنەوە تێچووەكەی 87 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە.

بۆیە زیانی بەغدا بە دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە دەبێت (99+87) -136=50 ملیۆن دۆلاری مانگانە، ئەو زیانەیش گەورەتر دەبێت كاتێك بەهای داشكاندن بۆ فرۆشتنی نەوت بە توركیا هەژمار بكرێت. نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی عێراقی دەڵێ‌، "ئەمەیش مانای ئەوەیە عێراق ئێستا بە لایەنی كەمەوە 50 ملیۆن دۆلاری قازانجە لە ئەنجامی وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە سایەی بارودۆخێك كە عێراق پابەند دەكات بە بڕیارێكی ئۆپێك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی".

لە 25ی ئاداری رابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە لە رێی توركیاوە وەستاوە، ئەمەیش بە هۆی بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس، كە لەسەر سكاڵایەكی عێراق دایبوو. بەگوێرەی ئەو بڕیارە نابێت توركیا راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان مامەڵەی نەوتی و وزە بكات. دواتر لە سەرەتای نیسانی رابردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم رێكەوتن، كەچیی تا ئێستا توركیا رێگەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە نادات.

دوێنێ‌ پەرلەمانتارێكی عێراقی ئاشكرای كرد، توركیا شەش مەرجی هەیە كە دیارترینیان ئەوەیە: عێراق سكاڵاكەی بكێشێتەوە و داوای قەرەبوو ناكات، هەقی گواستنەوە بە توركیا بدرێت و هەقی كۆمپانیای نەوتی توركیش بدرێت. هەفتەی رابردوو وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەی توركیا لە ئەنقەرە كۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێكدا دووپاتیان لەسەر گرنگی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردەوە.

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین