وەزیری دەرەوەی چین: پەیوەندییەکانی تاران و ریاز بووەتە هۆی شەپۆلی ئاشتەوایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی چین دەڵێت، دوابەدوای نێوەندگیری چین لە نێوان ئێران و سعودیە، داوای باشترکردنی پەیوەندییەکانیان، بووەتە هۆی دروستبوونی ''شەپۆلی ئاشتەوایی'' لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژی دووشەممە ( 21ی ئاب-ی 2023) رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ایگەیاندووە، دوابەدوای نێوەندگیریی چین لە نێوان ئێران و سعودیە، هەردوو وڵات لە هەنگاونان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان بەردەوام بوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ''شەپۆلی ئاشتەوایی'' لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وانگ یی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: چین بڕیاری دروستی لایەنی ئێرانی بەرز دەنرخێنێت و پەکین لە پاڵپشتیکردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندن بەپێی بارودۆخی نیشتمانی خۆیان بەردەوام دەبێت.

ئێران و سعوودیە لە 10ی ئازاری 2023، بە ناوبژیوانی چین رایانگەیاند، کە دوای حەوت ساڵ، پەیوەندییەکانیان دەستپێدەکەنەوە و باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە. لەم ماوەیەدا هەردوو وڵات هەنگاویان ناوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. جگە لە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی دوو وڵات، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عەرەبستان سەردانی تاران و ریازیان کردووە.

حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە 18ی ئەم مانگە، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و نیو، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە لە شاری جددە گفتوگۆی کرد. دواتر ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ئەم کۆبوونەوەیەی بە "کراوە و بەرهەمدار" ناوبرد.

ئێران و سعوودیە دەیان ساڵە رکابەری ناوچەیی یەکتربوون، بەڵام دوژمنایەتی نێوان ئەو دووانە لە دەیەی رابردوودا گەیشتە لوتکە. بۆیە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز لێکەوتەی بۆ قەیرانەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە شەڕی یەمەن هەبووە.

وەزیری دەرەوەی چین لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆیدا هەروەها رایگەیاندووە، کە تەنیا بە بووژاندنەوە و جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتننامەی ئەتۆمی (بەرجام)، دەتوانرێ ناکۆکی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت.

جێگەی ئاماژەیە، کە سەرەڕای هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کە بە بەرجام ناسراوە، تا ئێستا ئەنجامی نەبووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین