وەزیری نەوتی عێراق لەسەر پێدانی سووتەمەنی بە لبنان سزا دەدرێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن یەكێك لە هۆكارەكانی سزادانی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، پەیوەندی بە دۆسیەی پێدانی سووتەمەنی بە لبنان هەیە، كە تا ئێستا دیار نییە عێراق بەرانبەر بە چی سووتەمەنی بەو وڵاتە دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئابی 2023 لە میدیاكان وا بڵاوكراوەتەوە، سزادانی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی نەوتی عێراق پەیوەندی بە دۆسیەی سووتەمەنی لبنانەوە هەیە، كە ئەو سەرپەرشتی كردووە. ئەمین ناسر سەرۆكی تۆڕی راگەیاندنی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی باس لەوە دەكات تا ئێستا بە دیاریكراوی نازانرێت دەبێت ئیحسان عەبدولجەبار لەسەر چی دادگایی بكرێت، چونكە كۆمەڵێك دۆسیە هەیە.

سەبارەت بە پێدانی سووتەمەنیش بە لبنان، ئەمین ناسر دەڵێ‌، “پێدانی سووتەمەنی بە لبنان بەرانبەر بە پارە نەبووە، بەڵكو بە خزمەتگوزاری بووە، بەڵام تا ئێستا لبنان سەنتێك و خزمەتگوزارییەكی بە عێراق نەداوە”.

رۆژی 14ی ئەم مانگە دادگای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سامانی ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری پێشووی نەوتی عێراق دا، كە گومان دەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی تۆمەتباربوونی بە گەندەڵی دۆسیەی سووتەمەنی لبنان بێت، چونكە عێراق ساڵانە زیاتر لە مليۆنێک تۆن سووتەمەنی بەو وڵاتە دەدات.

پێشتر نوچەنێت لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە كە بابەتی پێدانی سووتەمەنی بە لبنان لە بودجەی گشتی عێراق باس نەكراوە و هەروەها لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش هیچ ئاماژەیەك بە داهاتەكەی ناكرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین