بەڕێوەبەری سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە: 14 کەس بەتۆمەتی ئاگرتێبەردانی دارستانەکەی مەریوان دەستبەسەرن ئێران

نوچەنێت:

بەڕێوەبەری گشتی سامانە سرووشتییەکان و ئاوی پارێزگای کوردستان دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە، 14 تۆمەتبار لەسەر ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی شاری مەریوان دەستبەسەر کران کە یەکێکیان بە ئەنقەست کارەکەی ئەنجامداوە.

رۆژی سێشەممە ( 15ی ئاب-ی 2023) ئاژانسی هەواڵی ایرنا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بێهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری گشتی سامانە سرووشتییەکان و ئاوی پارێزگای کوردستان، ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئاگرە گەورەکەی دەورووبەری مەریوان کە سێ رۆژ بەردەوام بوو، لە شاری سنە رایگەیاند: 12 کەس لەو 14 کەسەی دەستگیرکراون خەریکی دروستکردنی خەڵوز بوون و کەسێک کاری گواستنەوەی خەڵوزی کردووە.

شەریفی پوور دەلێت، بەهاوکاری دەزگای دادوەری پارێزگاکە 14 تۆمەتبار لەسەر ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی شاری مەریوان دەستبەسەر کران کە یەکێکیان بە ئەنقەست کارەکەی ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ''ئەو کەسانە دوای چوار رۆژ لە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییە دەستگیرکراون، هەروەها 34 کورەی خەڵوز لەناوبراون، دەست بەسەر 101 کیسە خەڵوز و دوو ئۆتۆمبێلی هەڵگری خەڵوزەکەدا گیراوە''.

شەریفی پوور باسی لەوەشکرد، ئاگرەکە لە "ئاسنەوە" لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و چووەتە ناو سنووری ئێرانەوە.

شەریفی پوور لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەی مەیدانی ئاگرکەوتنەوەکاندا دەرکەوتووە، کە مرۆڤ لە 90%ی ئاگرکەوتنەوەکانی بواری سرووشت بەشدارە و 30% بە مەبەست ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە: ایرنا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین