سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان ده‌كاته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ڤۆلكەر تورك كۆمسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ كرد و لە دیدارێكدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان كردەوە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی لەسەر كۆبوونەكە بڵاوكردووەتەوە ئەمە دەقەكەیەتی:

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوو‌ممه‌ 2023/8/7 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی ‏كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان‌ كه‌ یه‌كه‌م جاره‌ دێنه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان، زه‌مینه‌ی كار و چالاكیی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئازادیی ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌بڕین و كاری ڕۆژنامه‌وانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ده‌ر‌فه‌ت و كێشه‌كانی، تاوتوێ كران.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز كۆمیساری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، وێڕای باسكردن له‌ به‌رنامه‌ و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی، چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌كی ده‌رباره‌ی هه‌ندێ له‌ بواره‌كانی دۆخی مافی مرۆڤ و پرسی ئازادییه‌كان و كاری ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، وێرای ئه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی به‌ پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌كان و ئازادیی ڕاده‌ربڕین و یه‌كسانی و دادپه‌وه‌ری دووپات كرده‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان داوای كرد دامه‌زراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به‌و بوارانه‌، وه‌ك هاوبه‌شێك هاوكاری و یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی ڕاگوزه‌ردان و پێویستییان به‌ یارمه‌تی و پشتگیری هه‌یه‌ بۆ بره‌ودان به‌و بوارانه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین