نهێنی كەمبوونەوەی ژمارەی هاوپەیمانییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چییە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

چاودێرانی سیاسی هۆكاری درێژكردنەوەی وادەی تۆماركردنی قەوارە سیاسیەكان لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ كەمی ژمارەی حزبەكان و دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی هاوپەیمانیەكانی نێوانیان دەگێڕنەوە، جا حزبە كۆنەكان بێت یان نوێیەكان، سەرەڕای ئەمەیش گومان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ ساڵی داهاتوو هەیە، ئەمەیش بابەتێكە كەسێكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە رەتیدەكاتەوە و دووپاتیشی دەكاتەوە ژمارەی حزبەكان لە درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردن زیاد دەكات.

غالب دەعمی چاودێری سیاسی لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی عالەم جەدید دەڵێ‌، "هێزە سیاسیەكان بە كۆنە و نوێكانەوە، بەرەو ئەوە رۆیشتوون وەك هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی خۆجێی بكەن، تا ئێستا حزبێك نییە بە تەنیا بەشداری بكات". دەعمی لە لێدوانەكەی بەردەوام دەبێت و دەڵێ‌، "ئەو ماوەیەی پێشتر لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركرابوو بەگوێرەی پێویست نەبوو، بە تایبەتی دەزانرێت دانوستاندن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان قەوارە و حزبەكان كاتێكی زیاتری دەوێت بۆ گەیشتن بەرێككەوتنن بۆیە ماوەكە درێژكرایەوە".

پێشبینی دەكرێت ریژەی بەشداربوون لەم هەڵبژاردنە زۆر كەم بێت

ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ماوەی تۆماركردن و قبووڵكردنی كاندیدەكان درێژ دەكاتەوە، لەگەڵ بوونی دەنگۆ و زانیاری ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ ساڵی داهاتوو دوادەخرێت، ئەمە لەوانەیە هۆكارێك بێت بۆ درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانییەكان، دەعمی دەشڵێ‌، "خواستێكی نێودەوڵەتی راستەقینە بۆ دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە هەیە، وەڵام نەدانەوەی ئەم خواستەیش زۆرێك كێشە بۆ حكومەت دروست دەكات".

دوێنێ‌ دووشەممە داود سەلمان بەڕێوەبەری رێكارییەكان و راهێنان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند كۆمیسیۆن بڕیاری داوە ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانییەكان بۆ هەفتەی داهاتوو لە مانگی ئاب درێژ بكرێتەوە. روونیشی كردەوە كە رێژەی هاوپەیمانییەكان لەناكاو كەم بووەتەوە، بە بوونی 24 هاوپەیمانی كە 15 یان نوێ و نۆیەكەی تر كۆنن، بۆیە ئەمە دوایین دەرفەت دەبێت بۆ تۆماركردنی ژمارەیەكی زۆرتری هاوپەیمانی.

پێشتر محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی 18ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاری كرد. چونكە سوودانی لە كارنامەی حكومەتەكەی بڕگەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لەم ساڵ دیاری كردووە و پەرلەمانیش تەواوی بڕگەكانی پەسەند كردووە. 

سەبارەت بەدواخستنی هەڵبژاردنەكەیش پێشتر باس لەوە كراوە، لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە مشتومڕێكی زۆر هەیە، بەشێك لەگەڵ ئەوەن ئەمساڵ بكرێت و بەشێكی تری لایەنەكانیش داوای دواخستنی دەكەن. عیماد موسافیر چاودێری سیاسی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی عالەم جەدید دەڵێ‌، "كاتێك كۆمیسیۆن رایگەیاندووە ژمارەیەكی كەمی هاوپەیمانی تۆماركراوە، ئەمە مانای ئەوە نییە بەشێك لە لایەنە سیاییەكان بەشداری هەڵبژاردن نەدەن، بە تایبەتی دەزانرێت ژمارەیەك هاوپەیمانی گەورە لە چەندان قەوارە و حزبی جیاواز پێكهێنراون".

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە عێراق دەكات هەڵبژاردنی پارێزگاكان دوابخات 

موسافیر سەرنجی ئەوەیش دەدات درێژكردنەوەی وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانییەكان بە هۆی بوونی ئارەزووێكە لە لای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تا ژمارەیەكی زیاتر لە ئێستا هاوپەیمانی تۆمار بكرێن. چونكە هەندێك لە قەوارە سیاسییەكان نوێن و هێشتا نەیانتوانیوە رێكارییەكان بۆ تەواوكردنی هاوپەیمانی تۆمار بكەن یان بچنە ناو هاوپەیمانییەكان، بۆیە دوایین دەرفەتیان لەلایەن كۆمسیۆن پێدراوە. ئەو چاودێرە سیاسیەی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەشڵێ‌، "لە چەند رۆژی داهاتوو ژمارەی هاوپەیمانیەكانی هەڵبژاردن بەرز دەبێتەوە، تەنیا ژمارەیەكی كەم ئارەزووی  دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن".

جێی ئاماژەپێدانە كە هەڵبژاردنی داهاتوو بە ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانیشەوە، بەگوێرەی سیستەمی سانت لیگۆ دەبێت، ئەمە بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمانی دەنگی لەسەر داوە و هەر پارێزگایەكیش بزانەیەكی هەڵبژاردن دەبێت. چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن بەشداربوون لەو هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنی پێشوو كەمتر بێت، كە ئەویشیان لەدوای 2003 وە كەمترین بەشداربوونی تێدا تۆماركراوە.

دەستەی دەستپاكی عێراق لە تەمووزی رابردوو رایگەیاند، دەستی بە وردبینی لە ئەستۆپاكی سەرۆك و دامەزرێنەری حزبەكان كردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. هەروەها دەستەكە دووپاتی كردەوە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە ناوی ئەو كەسانە بنێرن كە دەبێت فۆرمی ئەستۆپاكی بنێرن، كەچی وەڵامی حزبەكان بۆ ئەمە زۆر لاواز بووە.

سەرچاوە: رۆژنامەی عالەم جەدید

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین