كارەبا سوودانی دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوە ئەستەمەكە وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و كەمبوونەوەی كاتی پێدانی كارەبا لە پارێزگاكانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەوێتە بەردەم ئەو تاقیكردنەوەیەی كە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو لە وەرزی هاویندا تێیكەوتوون. چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوویشدا خەڵكێكی زیاتر بڕژینە سەر شەقامەكان.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تەمووزی 2023 رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، بە دوور نازانرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێكی ناڕەزایی سەرانسەری شارەكانی عێراق بگرێتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ‌ دووشەممە لە چەند شارێكی عێراق ناڕەزایی لە دژی كەمبوونەوەی كارەبا بەڕێوەچوو.

لە راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە ئێستا حكومەتی عێراق دەتوانێ‌ هەشت كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی دابین بكات، ئەمە لە كاتێكدایە زۆرێك لە ناوچەكانی عێراق پلەی گەرمی بۆ نزیك 50 بەرز دەبێتەوە.  شەرق ئەوسەت دەڵێ‌، "پێدەچێ‌ هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی پێشوو جیاوازی نەبێت، خزمەتگوزاری كارەبا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، تەنانەت هەندێك ناوچە لە خزمەت دەرچووە، پێدانی كارەبا لە هەندێك ناوچە كەمترە لە هەشت  كاتژمێر، ئەمەیش مانای ئەوەیە كە ژینگەیەكی رەخساو لەبار بێت بۆ تەقینەوەی ناڕەزاییەكان لە هەر كاتێكدا".

رۆژنامەكە باس لەوە دەكات دوێنێ‌ لە كەربەلا و واست "كوت" ناڕەزایی دژی كەمی كارەبا بەڕێوەچووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت زیاتر بێت، پاساوی حكومەتیش هەمان پاساوی رابردووە.

 لەدوای 2003 وە نزیكەی 100 ملیار دۆلار لەلایەن عێراقەوە بۆ چاككردنی كەرتی كارەبا خەرج كراوە

تەنگژەی كارەبا لەگەڵ هەموو سەرۆكەكانی حكومەتی عێراق دووبارە بووەتەوە، لە هاوینی 2014 بۆ یەكەمجار ناڕەزاییەكی توند لە دژی حكومەتی مالیكی ئەنجام درا، تەنانەت هاووڵاتییەكیش لە لایەن هێزە ئەمنییەكان كوژرأ، دواتر لە ماوەی سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی هەمان دیاردە لە هاوین دووبارە دەبووەوە و ئەو كاتیش لە بەسڕە چەندان خۆپیشاندەر كوژران. لە سەردەمی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی لە هاوینی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەی ناڕەزایی لە دژی نەبوونی كارەبا بەڕێوەچوو و دواتریش درێژەی كێشا تا عادل عەبدولمەهدی ناچار بوو لە كۆتایی 2019 دەست لەكار بكێشێتەوە. بە هەمان شێوە لە سەردەمی سەرۆكایەتی كازمی، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت  هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، بە تایبەتی كە دەزانرێت سوودانی تا ئێستا نەیتوانیوە هەنگاوێكی باشتر بنێت بۆ چاككردنی كەرتی كارەبا.

بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەكانی عێراق، لەدوای 2003 وە نزیكەی 100 ملیار دۆلار لەلایەن عێراقەوە بۆ چاككردنی كەرتی كارەبا خەرج كراوە، بێئەوەی هیچ شتێك لە واقیعی هاووڵاتیان بگۆڕدرێت. ساڵانە لە وەرزی هاوین هاووڵاتیانی عێراق بە دەست بێ كارەبایی دەناڵێنن، پاساوی حكومەتی عێراق كەمی هاوردەكردنی گازی ئێرانە كە بۆ بەكارخستنی وێستگەكانی كارەبا دابین دەكرێن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین