سوودانی بەرپرسانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانی دووردەخاتەوە وەرگێڕان

نوچه‌نێت

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرپرسانی هەواڵگریی و ئاسایشی نیشتیمانی لە پۆستەكانیان دووردەخاتەوە و بە ئامانجی ئەوەی، "ئەو دامەزراوە هەستیارانە دووربن لە كاریگەری سیاسی".

ئەمڕۆ چوارشەممە پێنجی تەمووزی 2023 لیوا یەحیا رەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانە، لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای كرد، گۆڕانكاری لە كۆمەڵێك پۆستی گرنگی ئەمنی دەكرێت.

لە راگەیێندراوەكە دووپات لەسەر ئەوە كراوە، كە ئامانج لەو گۆڕانكارییانە ئەوەیە، “تەنیا خوێنی نوێ لەو دەزگایانە بگەڕێت و دەرفەتی خزمەتكردن بە كەسانی تر بدرێت”. كەچی سەرچاوەیەك بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، "ئامانجی سەرەكی ئەوەیە ئەو دامەزراوە هەستیارانە دووربن لە كاریگەری سیاسی".

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسە فەرمییەكەی عێراق، هەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانی گرتووەتەوە، لەوانە حەمید شەتری لە ئاژانسی ئاسایشی نیشتیمانی دوورخراوەتەوە، ئەبوعەلی بەسری كراوەتە سەرۆكی دەزگاكە. فالح عیساوی كە بریكاری دووەم بوو لە دەزگای ئاسایشی نیشیتمانی لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە لەشوێنی ئەو موسەنا عوبەیدی دانراوە.  

ئامانجی سەرەكی ئەوەیە ئەو دامەزراوە هەستیارانە دووربن لە كاریگەری سیاسی

ماجد دلێمی لە دەزگای هەواڵگری دوورخراوەتەوە، وەقاس محەمەد لە شوێنی ئەو دانراوە.

سوودانی لەسەرەتای دەستبەكاربوونی حكومەتەكەی بەڵێنی دا بوو، دوای شەش مانگ ئەو بەرپرسانە دووربخاتەوە كە لە كارەكانیان لاوازن و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرن، دوێنیش رافل یاسینی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراقی لە پۆستەكەی دوورخستەوە، هەر دوێنی زانیاری ئەوەیش بڵاوكرایەوە كە گویە سوودانی لەگەڵ بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەندێك لە بەرپرسان دوور بخاتەوە كە پلەیان وەزیر و بریكاری وەزیر و پارێزگارن.

پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو، محەمەد شیاع سوودانی هەوڵ دەدات ئەو كەسانە دوور بخاتەوە كە لە سەردەمی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، كە لە هەواڵگریی كاریان كردووە، چونكە كازمی بەر لەوەی ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئایاری 2020، ئەو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو، بۆیە باس لەوە دەكرا كە سوودانی دەیەوێ‌ بە تەواوی شوێنەواری كازمی لە دەزگاكە بسڕێتەوە.

 متمانەی بە سەرۆكەكانی دەزگای هەواڵگری نییە

لە 29ی نیسانی رابردوو رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی راپۆرتێكی لەسەر دەزگای هەواڵگری عێراق كرد بوو، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەو دەزگایە رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر دەبێتەوە، چونكە ئاستی كارەكانی دابەزیوە و جیا لەمەیش نازانرێ‌ چەندان كارمەندی هەیە، لە راپۆرتەكە كە نوچەنێت بە ناونیشانی، "سوودانی بەدەست هەواڵگرییەوە دەناڵێنێ‌ !" ئەو كات بڵاویكردەوە هاتووە، "یەكەم ئەركی سوودانی ئەوە بوو، كار بۆ سڕینەوەی شوێنەواری مستەفا كازمی بكات لە دەزگای هەواڵگری، بۆیە 169 بەرپرسی لەو دەزگایە گۆڕی، ئەمە وا دەكات چاودێرانی سیاسی بڵێن، هەوڵەكانی سوودانی لە دەزگای هەواڵگری تەنیا بۆ رێكخستنەوەی ئەو دەزگایە نییە، بەڵكو بۆ پاككردنەوەیەتی لە شوێنەواری مستەفا كازمی كە لە ماوەیەكی زۆر هەستیاردا سەرۆكایەتی ئەو دەزگایەی كردووە. "

لە راپۆرتەكە باس لەوەیش كراوە، محەمەد شیاع سوودانی متمانەی بە سەرۆكەكانی دەزگای هەواڵگری نییە، بۆیە خۆی بە شێوەیەكی كاتی دەزگای هەواڵگری بەڕێوە دەبات، "

دەزگای هەواڵگری عێراق لە ساڵی 2004 دامەزراوە و تا ئێستا چەند سەرۆكێكی گۆڕیوە، لەوانە محەمەد شەهوانی، زوهێر غەرباوی، مستەفا كازمی، رائید جوحی، كە ئەمەی كۆتاییان تەنیا چەند مانگێك دەزگاكەی بەڕێوەبرد.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین