كێبڕكێی توند لەنێوان مالیكی و سوودانی دەبێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سەرچاوە سیاسییەكان بۆ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە، شیعەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ناكەن و چاوەڕوان دەكرێت كێبڕكێی توند لەنێوان نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت.

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت دوێنێ‌ چوارشەممە 28ی حوزەیرانی 2023 لە راپۆرتێكدا زانیاری ئەوەی بڵاوكردووەتەوە، یەكلایی كراوەتەوە كە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناكەن. سەرچاوەكان دەشڵێن چاوەڕوان دەكرێت ركابەری توند لەنێوان مالیكی و سوودانی بێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی شەرق ئەوسەت هەندێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە دەیانەوێ‌ لە چەپۆكی سیاسی نووری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا رزگاریان بێت كە خۆی بەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە سەپاندووە. بۆیە دەیانەوێ‌ جەمسەرەكەی تر بگرن كە بە لای سوودانی دەشكێتەوە.

زانیاری دژ بە یەكتر لەسەر پەیوەندی سوودانی و مالیكی هەیە، هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن سوودانی و مالیكی تەبان لەسەر ئەوەی حكومەت سەربخەن. كەچی بە پێچەوانەوە هەندێكی تر دەڵێن گرژییەك لەنێوان ئەم دوو سیاسییە هەیە.

بڕیارە لە كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت، تا ئێستا بابەتی بەشداربوونی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەكە دیار نییە و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەست بە تۆماركردنی هاوپەیمانە بەشداربووەكان دەكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین