توركیا داوای قەرزی لە عێراق كردووەتەوە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی عێراقی دەڵێ‌، یەكێك لە هۆكارەكانی رێكنەكەوتن لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، عێراق پارەی توركیای لە ئەستۆیە و بۆی نەگێڕاوەتەوە.

نەبیل مەرسوومی لە ماڵپەڕی بەغداد تودەی ئەمڕۆ سێشەممە 20ی حوزەیرانی 2023 سێ هۆكاری دەستنیشان كردووە كە ئاستەنگیان لەبەردەم هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە و توركیا لە دژی عێراق بەكاریان دەهێنێ‌. 

یەكەمیان ئەوەیە عێراق رەتیكردووتەوە رسوماتی گواستنەوەی نەوتی عێراق بە توركیا بدات، چونكە لە 25ی ئاداری رابردووەوە وەستاوە. پاساوی عێراق ئەوەیە وەستانەكە بە بڕیارێكی نێودەوڵەتی بووە و لە دەسەڵاتی ئەو نەبووە، توركیایش داوای دەكاتەوە. 

دووەمیان ئەوەیە توركیا داوا دەكات، دەبێت عێراق پارەی هەناردەی نەوتەكەی لە بەندەری جیهانی توركی بدات كە لە ماوەی چەند ساڵێكە نەیداوە. سێیەمیش توركیا داوا دەكات ئەو بڕە پارەیەی كە لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانی پاریس خراوەتە ئەستۆی لابدرێت. مەرسوومی دەڵێ‌، "عێراق بەمە رازی دەبێت بەڵام پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی هەیە".

جگە لەمانەیش مەرسوومی دەڵێ‌، "توركیا دەیەوێ‌ فشار بخاتە سەر عێراق بەوەی داوا دەكات بۆریەكی تر بە خاكی توركیا تێپەڕێت و تەرخان بكرێت بۆ نەوتی هەرێم لەو رێككەوتنە نەبێت كە پێشتر كراوە".

دوێنێ‌ لە بەغدا شاندی وەزارەتی وەزەی توركیا و وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی رۆیتەرز كۆبوونەوەكە زیاتر لەسەر لایەنی تەكنیكی بووە و دۆسیەكە پێویستی بە دانوستاندنی تری سیاسی هەیە.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین