دۆسیەی نەوتی هەرێم.. لە دانوستاندنی توركیاوە بۆ نزیكبوونەوەی یاسای نەوت و گازی عێراق وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای كردووە، دانوستاندنەكانی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە رووی تەكنیكی بەڕێوەچووە و پێویستی بە دانوستاندنی تری سیاسی هەیە، ماڵپەڕی كەناڵی سۆمەرییە نیوزیش باس لە ئامادەكارییەكانی عێراق بۆ یاسای نەوت و گاز دەكات و دەشڵێ‌، "ئەگەر هەرێم و هێزە عێراقییەكان هاوئاهەنگییان لەسەر پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز نەبێت، ئەوا بارودۆخی ئابووری هەرێم قوڕس دەبێت".

دوێنێ‌ دووشەممە 19ی حوزەیرانی 2023 لە بەغدا دانوستاندنی شاندێكی توركی و عێراقی بە بەشداری شاندێكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ شتێكی فەرمی و روون لەسەر ئەنجامی كۆبوونەوەكە ئاشكرا نەكرا.

چەند بەرپرسێكی نەوتی عێراق قسەیان بۆ رۆیتەرز كردووە و باسیان لەوە كردووە ئەو كۆبوونەوەی كراوە تەكنیكی بووە و پێویستی بە دانوستاندنی تر هەیە، بە تایبەتی دەبێت دانیشتنەكانی داهاتوو لەسەر ئاستی سیاسی و باڵاتر بێت.

پێویست بە دانوستاندنی تر دەكات

دوو بەرپرسی عێراقی دەڵێن بۆ رۆیتەرز دەڵێن، "دوای ئەم كۆبوونەوەیە، پێویست بە دانوستاندنی تر دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، تاوتوێی تەواوی لایەنە تەكنیكیەكانی هەناردنەكردنەوە كراوە، بەڵام بڕیاری دەستپێكردنەوەكە ئەمڕۆ روونادات و پێویستی بە كۆبوونەوەی ترە". 

ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكەن توركیا دەیەوێ‌ گفتوگۆ لەسەر ئەو بڕە پارەیە بكات، كە لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس وەك قەرەبووكردنەوەی عێراق بۆی دیاری كردووە. جیا لەوەیش توركيا دەیەوێ‌ گفتوگۆ لەسەر بابەتی تری ناوبژیوانییەكە بكات.

لە 25ی ئاداری رابردوو بە بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهانی توركیا وەستێنرا. لیژنەكە بڕیاریشی دا توركیا بە بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە. چونكە ناتوانێ‌ بێ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات.

لە 88 رۆژی رابردوودا هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی ئەو بڕیارە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە

هەرچەندە لەسەرەتای مانگی نیسانی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم رێككەوتوون، بەڵام توركیا تا ئێستا ئامادە نییە، رێگە بەم پرۆسەیە بدات. رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لە 88 رۆژی رابردوودا هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی ئەو بڕیارە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە. جیا لەوەیش هەر هەمان ئاژانس پێیوایە لەگەڵ دانانی ئەلپ ئەرسەلان بایرەقدار بە وەزیری وزەی توركیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، ئومێد هەیە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جیهانی توركی دەستپێبكاتەوە.

رۆیتەرز بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی چەند بەرپرسێكی عێراقی باسی لەوە كردووە، بە وەستاندنی نەوتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم نزیكەی 80%ی داهاتەكەی لەدەست دەدات، ئەمەیش وادەكات پشت بەو پارانە ببەستێ كە لەلایەن بەغداوە بۆی رەوانە دەكرێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی چوار بەرپرسی عێراقی، لە بەغداوە ترلیۆنێك و 600 ملیار دینار لەم ماوەیە بە هەرێمی كوردستان دراوە، كە دەكاتە ملیارێك و 220 ملیۆن دۆلار.

جارێكی تر ئاژانسە بەریتانییەكە ئاماژەی بۆ ئەو نامەیەی ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە، كە بە ئەنتۆنی بلینكنی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان داوە و داوایان لێكردووە، فشار بكرێتە سەر توركیا بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە. ئەگینا تەنگژەیەكی مرۆیی روودەدات. ئەو نامەیەی ئەندامانی كۆنگرێس لە 15ی ئەم مانگە بڵاوكراوەتەوە.

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو كێشەیە چاوەڕوان دەكرێت كێشەیەكی تر رووبەڕووی هەرێمی كوردستان ببێتەوە. چونكە لە بەغدا ئامادەكاریی بۆ پڕۆژە یاسای نەوت و گاز دەكرێت. ئەمڕۆ ماڵپەڕی كەناڵی سۆمەرییەی عێراق لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات كە لیژنەی نەوتی پەرلەمانی عێراق ئەوەی دیاری كردووە دوای تەواوبوونی پشووی وەرزی پەرلەمان، گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و گاز دەكرێت، پرسیاری ئەوەیش دەكات ئاخۆ سەبارەت بە هەرێمی كوردستان چی دەبێت؟

زەینەب مووسەوی ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ سۆمەرییە نیوز باس لەوە دەكات، یاسای بودجەی گشتی عێراق رێخۆشكەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی نەوت و گاز و دەشڵێ‌، "بەردەوامبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نەبوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان لە پەسەندكردنی یاساكە، ئەوا كێشە ئابووری و داراییەكانی زیاتر دەكات، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان لە ژێر بڕیارێكی نێودەوڵەتییە كە لە لیژنەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دراوە و رێگەی پێنادرێت نەوت هەناردە بكات، بە رەزامەندی عێراق نەبێت، ئەمەیش لە یاسای بودجە روویدا، كە هەناردنەكە دەبێت لە میانەی كۆمپانیای سۆمۆوە بێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوتی پەرلەمانی عێراق روونیشی دەكاتەوە كە یاسای نەوت و گاز نەخشەی كەرتی نەوت سەر لە نوێ بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە رێكدەخاتەوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین