رۆژنامەیەك: پارتی لەبەر یەك هۆكار لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ناكشێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی عەرەب لە راپۆرتێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەرانبەر بە پابەندنەبوونی شیعەكان بە بەڵێنی خۆیان ئەگەری هەبوو پارتی لە هاوپەیمانی دەوڵەت بكشێتەوە، بەڵام بەهۆی یەكێتییەوە ئەو كارە ناكات.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ی حوزەیرانی 2023 رۆژنامەی عەرەب باس لەوە دەكات، پارتی پێیوایە لە پەسەندكردنی هەندێك بڕگەی بودجەی عێراق بێ بەڵێنی و خیانەتی لێكراوە. ئەمەیش بە بڕوای رۆژنامەكە كاردانەوەی لەسەر داهاتوودا دەبێت. بۆیە دوو بژاردە لە بەردەم پارتییە، یەكەمیان كشانەوەیەتی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

رۆژنامەكە باس لەوە دەكات چاودێران پێیانوایە پارتی ئەو هەنگاوەنانێ‌ و لەو هاوپەیمانییە ناكشێتەوە، چونكە هەنگاوێكی لەم جۆرە وا دەكات پێگەی یەكێتی بەهێزتر بێت كە ركابەری پارتییە و لەگەڵ شیعەكان رێككەوتووە، جیا لەمەیش پارتی بەم هەنگاوەی گۆشەگیر دەبێت.

رێگەی دووەمیش پەنابردنە بەر دادگای فیدڕاڵییە، بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو بڕگانەی كە پارتی پێیان رازی نییە. بەڵام رۆژنامەكە باس لەوەیش دەكات ئەو كارەی پارتی بۆ ئەوەیە هێزی خۆی دەربخاتەوە. رۆژنامەكە دەڵێ‌، "ئەم هەنگاوە بۆ رەواندنەوەی ئەو تووڕەییەیە كە یەكێتی و هاوپەیمانە شیعەكانی دروستیان كردووە، ئەگینا ئەگەر پارتی لە توانای هەبووایە گرژییەكان بەرز بكاتەوە ئەوا بایكۆتی دەنگدانی بودجەی دەكرد".

بەرەبەیان دوێنێ‌ پەرلەمانی عێراق بودجەی گشتی پەسەند كرد كە ئەمساڵ قەبارەكەی 199 ترلیۆن دینارە "153 ملیار دۆلار" پشكی هەرێمی كوردستانیش لەم بودجەیە 12.67% یە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین