سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: خەڵک لە ناکۆکی و کێشەی سیاسی ماندووبووە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێنجەمین خولی دەرچووانی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان - دهۆک گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی، "دەبێت ئەزموون لە کێشەکانی رابردوو وەربگیرێت."

ئەمڕۆ یەكشەممە (28/ئایار/2023) ئەمڕۆ زانكۆی ئەمەریكی كوردستان بە بۆنەی ئاهەنگی خولی دەرچووانی رێكخست، كە تێیدا هەریەك لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و مەسرور بارزی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و چەندین بەرپرسی ناوخۆی عێراق و دەرەوە بەشداریان كرد، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەی ئاماژەی بەوە كرد، مایەی نیگەرانییە ئەگەر هەندێک لایەن هەوڵ بدەن تەگەرە بخەنە بەردەم رێککەوتنەکان و هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ قبووڵکراو نییە. 

لە بەشێكی تری قسەكانی سەرۆك نیچێرڤان بارزی رووی لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی،"خەڵک لە ناکۆکی و کێشەی سیاسی ماندووبووە."    

دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی، بەڕێز جەنابی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڕێز شێخ خەلیفە تەحنوون، خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لەم رێوڕەسمەدا و زۆر بەخێربێن.

کەسوکاری ئازیزی دەرچووان و ئامادەبووانی بەڕێز. ئێوارەتان باش و خۆشحاڵین کە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە خولێکی تازەی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی-کوردستان لە دهۆک بەشدارین.

بە گەرمی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دەرچووان دەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم. پیرۆزبایی لە دایک و باوک و خێزان و کەسوکاری دەرچووان و مامۆستایان و سەرۆکایەتی و دەستەی ئەمینداریی زانکۆ دەکەم. ئێوەش ئەرکێکی گەورە و پیرۆزتان بەجێگەیاند، ماندوو نەبن و دەستتان خۆشبێت.

دەرچوونی پۆلێکی دیکەی گەنجانی کوردستان و عێراق، یان لە هەر شوێنێکی دیکەوە هاتبن، مایەی شانازی و خۆشحاڵییە. ئێوەی دەرچووانی خۆشەویست، بە زانست و زانینی تازە و سەردەمییانە پێگەیشتوون، ئێستا ئیتر ئامادەن بۆ قۆناخی دیکەی ژیان، کە قۆناخی کار، خزمەتکردن، بەشداری و هاوبەشیی کاراتانە لە پێشخستنی وڵات و پێشخستنی کۆمەڵگەدا. وڵات چاوی لە ئێوەیە کە رۆڵی خۆتان بگێڕن، هەریەکە و لەبواری خۆیدا. داهێنان بکەن و بە بیر و عەقڵی تازە و بنیاتنەرانە، دەرفەتی کار بۆخۆتان و دەوروبەرتان دروستبکەن. کاری سەرکەوتوو بکەن بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردن و هەمەجۆرکردنی ئابووری. بیرۆکە و روانگەی سەرکەوتووی زانستی و پیشەیی پێشکێش بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکانی وڵاتەکەمان لە هەموو بوارەکاندا، بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و کۆمەڵگە و پەڕینەوە بۆ داهاتوویەکی باشتر. 

ئێوە دەبێ لەگەڵ هاوکار و هاوتاکانتان لە زانکۆکانی دیکەی کوردستان، لە عێراق و جیهان، پێکەوە کار و هاوئاهەنگی بکەن، سوود لە زانست و زانیاریی یەکتر ببینن، بە بیرۆکەی داهێنەرانە و پێشنیاز و رەخنەی بنیاتنەرانە پردێکی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی وڵاتدا دروستبکەن. بەشدار و هاوبەشبن لە بەڕێوەبردنێکی باشتری وڵاتدا بۆ ئەوەی هەموومان بەیەکەوە بتوانین کوردستانێکی بەهێزتر و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان بنیاد بنێین. ئێوە و نەوەی نوێی کوردستان، دەبێ ئەوپەڕی سوود لە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانستی سەردەمیانە ببینن. دەتوانن کارکردن لە دوورەوە، لە ماڵ، لەگەڵ کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت و گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش پەرە پێبدەن و جگە لە دۆزینەوەی دەرفەتی کار، لەو رێگەیەوە ببن بە باڵیۆزێکی باش بۆ وڵاتەکەتان لە جیهان.

کار ئەرک و بەرپرسیاریەتییە، ئێوە کە دەست بە کار دەکەن، دەبێت بەرپرسیارانە و بەپێی ئیتیکی کار، بەشێوەیەکی پیشەیی هەموو تواناکانتان بخەنە خزمەتی کارەوە، داهێنانی تێدا بکەن و پێشخستن و سەرکەوتنی مسۆگەر بکەن. بۆ ئەوەش دەبێ هەمیشە بە عەقڵ و بیری کراوە کار بکەن و بەردەوام گۆڕانکاری بۆ باشتر و باشتر دروستبکەن.

نموونەی سەرکەوتووی هەندێک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەن کە کار و بزنسی خۆیان دامەزراندووە و دەرفەتی کاریان بۆ خەڵکی دیکەش دروستکردووە. ئەمە جێگەی ئومێد و خۆشحاڵی ئێمەیە. شانازی دەکەین کە دەبینین گەنجانی ئێمە بە خواست و ئیرادەیەکی بەرزەوە هەوڵدەدەن و لە هەر بوارێکی کار و خزمەتدابێت، خۆیان دەسەلمێنن و هەست بە بەرپرسیارێتی و خاوەندارێتی دەکەن.

ژیان هەمیشە لە پێشکەوتن و گۆڕاندایە، تا ژیان هەیە، پێویستە بەردەوام فێربیت و لەگەڵ دوایین و تازەترین پێشکەوتنەکانی سەردەمدا ئاپدەیت بکرێین. هەر لەم روانگەیەوە وەکو پێویستییەکی زۆر گرنگ و لەپێش، دەبێ لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە بایەخ و گرنگی تایبەت بە کوالێتی و ئاستی زانست و نوێکردنەوەی پرۆگرام و بەرنامەی خوێندن و فێرکردن بدرێت. دەبێ هەمیشە لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا بڕۆین بۆ ئەوەی بتوانین بە کۆمەڵگەیەکی زیندو بمێنینەوە و بە کاروانی جیهانی پێشکەوتوو رابگەین.

دەرچووانی خۆشەویست، دڵنیام هەریەکەتان دەیان بیرۆکەی جیای هەیە بۆ هەریەک لە بوارەکانی ژیان، بۆ ئابووری، بۆ کار، بۆ سیاسەت و بۆ بەڕێوەبردن. هەریەکەتان خەونی هەیە لە بواری خۆیدا ببێت بە ژمارەیەکی دیار. دەمەوێ دڵنیاتان بکەمەوە، بە هەوڵ و کۆڵنەدان و سووربوونتان لەسەر سەرکەوتن، چۆن ئەمڕۆ سەر کەوتن و زانکۆتان تەواوکرد، ئاواش بە هەمان گیانی سووربوون و کۆڵنەدان و هەوڵدان، دەتوانن بیرۆکە و خەونەکانتان بکەنە راستی. بۆیە لێرەوە بە ئێوە و هەموو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان دەڵێم، تەنیا پشت بە کارکردن لە کەرتی گشتیدا مەبەستن، وەک چۆن لە خوێندن دا خۆتان سەلماند و سەر کەوتن، ئاواش دەتوانن بۆ دروستکردنی دەرفەتی کار و داهێنان، خۆتان بسەلمێنن. بۆ ئەمەش دەبێت هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ بازاڕ و کەرتی تایبەتدا بکەن و بە دڵنیاییشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار و پشتیوانتان دەبێت.

ئامادەبووانی بەڕێز، هەموو لایەک ئاگادارن کە دوای رێککەوتنی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ دامەزراندنی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، جۆرێک لە سەقامگیریی سیاسی لە وڵات هاتووەتە ئاراوە. گەلی عێراق بە گشتی و دۆستان لە جیهان بە خۆشحاڵی و ئومێدەوە لە لێکەوتە ئەرێنییەکانی ئەم رێککەوتنە دەروانن، بۆ داهاتوویەکی باشتر هیوا و ئومێدیان لەسەر بنیاتناوە. مایەی نیگەرانییەکی قووڵ و بێئومێدییە ئەگەر هەندێک لایەن هەوڵبدەن تەگەرە بخەنە بەردەم رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان. ئەمجۆرە مامەڵەیە و هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەرگیز قبوڵکراو نییە و هیچ سوودێک بە هیچ لایەک و بە عێراق و سەقامگیری وڵات ناگەیەنێت.

ئەمە تەنیا دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردووە کە هەمیشە بە زیانی عێراق و هەموو پێکهاتەکانی عێراق تەواوبووە. بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەم پابەندی رێککەوتنەکان بن و پرۆسە و سەقامگیری وڵات بپارێزن. رێگەی راست و دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان لە عێراق، پابەندبوونە بە رێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان بەگشتی و لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەتایبەتی. دەبێ عێراق کۆکەرەوەی هەموومان بێت، کە تەنیا هەموو مافە دەستوورییەکانی تەواوی پێکهاتەکانی پارێزراو و رێزلێگیراوبن. مێژوو ئەمەی سەلماندووە و دەبێ هەموومان پەند و وانە لە رابردوو وەربگرین. چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان، خەڵک ئیتر لە کێشە و ناکۆکی سیاسی بێزار و ماندوو بووە. هەموومان دەبێ بەخۆماندا بچینەوە و بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەینە سەرووی هەموو شتێکەوە. 

ئێمە تەنیا و تەنیا بە یەکڕیزی و یەکتر قبووڵکردن و تەبایی و بەیەکەوە دەتوانین پارێزگاری لە قەوارەی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین و بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین.

لە کۆتاییدا، دەرچووانی خۆشەویست، دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم. لە ژیان و کار و ئەرکی داهاتوو هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم. ئێوە و هەموو گەنجانی دیکەی کوردستان کە لە هەر زانکۆ و پەیمانگایەک دەردەچن، مایەی شانازی و سەرکردە و ئومێدی داهاتووی وڵاتن.

ئێوارەتان باش و کاتێکی خۆش بۆ هەموو لایەکتان دەخوازم. بەخێربێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین