په‌رله‌مانى عێراق واده‌یه‌كى دره‌نگى بۆ خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ داناوه‌ وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى دا له‌ حه‌وتى تشرینى یه‌كه‌مى داهاتوو خۆى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، كه‌ واده‌كه‌ى سێ رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌یه‌. شاره‌زایان ده‌ڵێن هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان نایه‌وێ بۆشاییه‌كى ده‌ستوورى و یاسایى دروست بێت.

شه‌وى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى خۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى دا، به‌گوێره‌ى نووسراوێك كه‌ واژۆى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى له‌سه‌ره‌، له‌سه‌ر داواى  172 په‌رله‌مانتار بڕیار دراوه‌ له‌ حه‌وتى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" په‌رله‌مانى عێراق خۆى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى په‌رله‌مانییه‌ كه‌ بڕیار سێ رۆژ دواتر له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌بچێت.

رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" له‌ راپۆرتێكدا، باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌م بڕیاره‌ى په‌رله‌مان گرنگه‌ و به‌ هه‌نگاوێكى نوێ داده‌نرێت بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێك كه‌ بڕیاره‌  25 ملیۆن ده‌نگده‌ر به‌شدارى تێدا بكه‌ن.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌كه‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ په‌رله‌مانتاران مكوڕ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ بدرێت، بۆئه‌وه‌ى حكومه‌ت و هیچ لایه‌نێك بیر له‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردن نه‌كاته‌وه‌. هه‌ر كاتێكیش بڕیارى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ درا، ئه‌وا بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مانیش پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق په‌رله‌مان به‌ دوو شێواز ده‌توانێ خۆى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ یه‌ك له‌ سێى ژماره‌ى ئه‌ندامانى داوا بكه‌ن، دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك وه‌زیران داوا بكات و سه‌رۆك كۆمار ره‌زامه‌ندى بدات، له‌و كاته‌یش سه‌رۆك كۆمار داوا ده‌كات له‌ماوه‌ى 60 رۆژ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان بكرێت. له‌و حاڵه‌تانه‌دا په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شاوه‌ ده‌بێت و ته‌نیا كاروبارى رۆژانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

به‌ڵام بۆچى  ئه‌و واده‌ دره‌نگه‌ دانراوه‌؟

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، په‌رله‌مان نیازى روونى هه‌یه‌ له‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ماوه‌ى خۆى بكرێت و له‌ماوه‌ى ئه‌م شه‌ش مانگه‌ى كه‌ ماوه‌ هه‌وڵى په‌سندكردنى یاسا گرنگه‌كان ده‌دات.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نكۆڵى له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ مه‌ترسییه‌ك هه‌یه‌ له‌وه‌ى وێراى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئه‌وا هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت و ئه‌و كاته‌ عێراق ده‌كه‌وێته‌ بۆشاییه‌كى ده‌ستووریى و یاسایى.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ عوده‌ى شه‌علان و یونادم یوسف كنا كه‌ هه‌ر دووكیان په‌رله‌مانتارن باسیان له‌و مه‌ترسییه‌ كردووه‌، عوده‌ى شه‌علان ده‌ڵێ، "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان بێ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن واته‌ى ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت به‌ ته‌نیا و بێ چاودێر ده‌مێنێته‌وه‌".

له‌ ترسان په‌رله‌مان واده‌یه‌كى دره‌نگى
بۆ خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ داناوه‌

 

حه‌سان عیدانى مامۆستاى زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆى به‌غدا، بڕیارى دیاركردنى واده‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌ گرنگ ده‌زانێ و پێیوایه‌ بارودۆخى عێراق به‌مشێوه‌یه‌ جارێكى تر به‌رگه‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بگرێت.

وێراى به‌گرنگى زانینى بڕیاره‌كه‌، پێیوایه‌ په‌رله‌مان هه‌نگاوه‌كانى به‌ پێچه‌وانه‌ ناوه‌، ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ ده‌ڵێ، "سه‌ره‌ڕاى گرنگى هه‌نگاوه‌كه‌ى په‌رله‌مان به‌ڵام ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ ته‌واوى پابه‌ندى ماده‌ ده‌ستوورییه‌كان نه‌بووه‌ كه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ مه‌رجى ئه‌وه‌ى داناوه‌ سه‌ره‌تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ بێت ئینجا واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردن دیارى بكرێت، كه‌چى ئه‌وه‌ى رووى دا پێچه‌وانه‌ بوو واده‌ى هه‌ڵبژاردن دیارى كراوه‌ ئینجا واده‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌".

حه‌سان عیدانى پێوایه‌ په‌رله‌مان له‌و هه‌نگاوانه‌ پاساوى خۆى هه‌یه‌ و متمانه‌ى به‌ حكومه‌ت نییه‌، بۆیه‌ ده‌زانێ ئه‌گه‌ر بڕیارى خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ زووتر بدات ئه‌وا ده‌زگایه‌ك نابێ لێپرسینه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بكات، ته‌نانه‌ت حكومه‌ت ده‌توانێ هه‌ڵبژاردنیش دوا بخات یان پووچه‌ڵى بكاته‌وه‌.

 



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین