هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا دووپاتی دەكاتەوە كە رێوشوێنەكانی دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و پرۆسەكە دەستپێدەكاتەوە.

ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئایاری 2023 راگەیێندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا هاتووە، "دوای ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕێوشوێنەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوبووە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەشڵێ‌، "کۆمپانیای سۆمۆ لە ڕۆژی 10ـی ئایاری 2023 بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکیا کردووە پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆڕیی کەرکووک-جیهان، دەستپێبکرێتەوە، ئێستا هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوت، چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن"

لە 25ی ئاداری رابردوو هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا وەستاوە، ئەمەیش دوای بڕیارێك كە لەسەر سكاڵایەكی پێشووی عێراق لە لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس دەرچوو، كە رێگە بە توركیا نادات بێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

هەرچەندە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لە مانگی نیسانی رابردوو رێككەوتنێكی نوێیان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، كەچی بە هۆی ناڕەزایی توركیا لەسەر ئەو قەرەبووكردنەوەی كە لەلایەن دادگاكەی پاریس بۆى دیاری كراوە، پرۆسەی هەناردنی نەوت دەستی پێنەكردووەتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین