ماریا زاخارۆڤا ئەو ژنە رووسەی رۆژئاوا نیگەران دەكات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

بە تێڕوانینێك زاخارۆڤا "روخساری پڕوپاگەندەیە كەچی بە تێڕوانینێكی پێچەوانە "دیپلۆماتكار و رۆژنامەنووسێكی بە ئەزموونە" خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم دوو تێڕوانینەیش ئەوەی، "ئەو خانمێكی بەهێزی رووسیایە".

ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیایە و بە گوزارشتێكی وردتر ئەو یەكەمین ئافرەتە ببێتە گوتەبێژی وەزارەتەكە، ئەو سیمای سیاسی رووسە لە جیهانێكی ناجگێر و جێبەندێكی نێودەوڵەتی گرژ. 

چیرۆكی زاخارۆڤا سێ شاری سەرەكی لە ململانێ لەسەر سەركردایەتی جیهانی ئەمڕۆ، بە یەكتر دەبەستێتەوە. ئەو سەربە خێزانێكی مۆسكۆيیە، بەڵام لە پەكینی پایتەختی چین لەدایكبووە و لە شاری نیویۆركی ئەمریكش شووی بە پیاوێكی سەرمایەدار كردووە. 

زاخارۆڤا لە 24ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1975 لە پەكین لە دایكبووە، باوكی لە نێردەی دیپلۆماسی یەكێتی سۆڤییەتی پێشوو كاری دەكرد. زاخارۆڤا لە پایتەختی چین گەورە بووە لەژێر چاودێری باوكی كە دیپلۆماتكار بوو، چەندان زمانی رۆژهەڵاتیشی دەزانی. 

زاخارۆڤا پاژنە بەرزەكەی رووسیا دژ بە رۆژئاوا

 

لە تشرینی دووەمی 2005 زاخارۆڤا شووی بە ئەندریا مۆرۆزوف كرد، كە لە كونسوڵخانەی رووسیا لە نیویۆرك كاری دەكرد و لە ئابی 2010 كچێكیان هاتە دنیاوە، ناوی مریانایە. بەڵام لەنێوان ئەم دوو رووداوە گەورەیەدا گەلێك بابەت روویان دا. زاخارۆڤا لە چین دەستی بە خوێندن كرد، كەچی گەڕایەوە رووسیا تا خوێندنەكەی تەواو بكات و لەساڵی 1998 بڕوانامەی بەشی رۆژنامەوانی بەدەستهێنا لە پەیمانگەی مۆسكۆ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان .
 

انمە بەهێزەكە هاتە ناو كاری دیپلۆماسی سەرەتا بۆ ماوەیەكی كورت لە پەكین وەك راهێنراوێك لە باڵیۆزخانەی رووسیا بوو، بەڵام لە خوێندنیش بەردەوام بوو لە زانكۆی رووسی بۆ دۆستایەتی گەلان لە ساڵ 2003 بڕوانامەی دكتۆرای لە مێژوو بەدەست هێنا.

زاخارۆڤا هەر سێ‌ زمانی رووسی و چینی و ئینگلیزی دەزانێت. ماوەیەك لە رۆژنامە كاری كردووە بە دیاریكراویش لە رۆژنامەی “مۆسكۆفسكی كۆمسۆمۆلیتس”، "كومیرسانت" و "ئاژناسی ئینتەرفاكس".

لە 2005 جارێكی تر  دەستی بەكاری دیپلۆماسی كرد و ئەم جارە وەك رۆژنامەنووسێك لە شاندی هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووكان لە نیویۆرك كاری دەكرد و شووكردنەكەیشی لەوێ بوو. لە شاندی رووسی لە نیویۆرك چەند ئەركێكی گرنگی هەبوو، لەوانە جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بوو لە 2011 دواتر لە ئابی 2015 بووە گوتەبێژ و بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندن. 

نیشانەی هاوڕێیەتی سەرۆك بە زاخارۆڤا دراوە 

زاخارۆڤا بەوە ناسراوە مكوڕە لەسەر داكۆكیكردن لە سیاسەتی رووسیا. بە تایبەتی لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆكرانیاوە لە شوباتی ساڵی رابردوو، بە هۆی ئەو زمانانەی دەیزانێت،  هەلپەرستی دەكات لەوەی وردەكاری لە لێدوانەكانی بخاتە ڕوو و پەیامی مۆسكۆ بە جیهان بدات.

ئەم خەسڵەتانەی، وا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبات ئەم ئافرەتە بەهێزە بە “كەڕەنای پروپاگەندەی كرمیلین وەسف بكات كە یەكێك لەو كەسانەی زۆرترین پەرۆشی هەیە بۆ گومڕایی راگەیاندن و پڕوپاگەندەی رووسی".  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی دەڵێ‌، "زاخارۆڤا بەوە ناسراوە شێوازێكی شەڕانگێزی هەیە و گاڵتەجاڕانە دەدوێ‌ و هەستی توندڕەوی دژ بە رۆژئاوا هەیە، لێدوانە رۆژنامەوانیەكانی هەمیشە پڕن لە تووڕەیی نادیپلۆماسی".

كەچی ئاژانسی بی بی سی بەڕیتانی لە ساڵی 2016 زاخارۆڤای خستووەتە لیستی ئەو 100 ژنەی كە كاریگەری و ناوبانگیان لە جیهان هەیە. لە ساڵی 2017 نیشانەی هاوڕێیەتی سەرۆكی رووسی لە لایەن ڤلادیمێر پوتین پێدرا.

سەرچاوە ؛ ماڵپەڕی عەین

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین