د. رێبوار بابکەیی: بە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی فه‌ڕه‌نسا دەریدەخات کە دان بە پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەنێت کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکان و ره‌وه‌ندى كوردستانى لە پەرلەمانی کوردستان باس لە گرنگی سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فه‌ڕه‌نسا دەکات و دەڵێت، "پێشوازییە یەك لەدوای یەکەکانی فەڕەنسا بۆ نێچیرڤان بارزانی دەری دەخات کە ئەم وڵاتە دان بە پێگە دەستووریەکەی هەرێمی کوردستان دەنێت و هەرێمی کوردستان رۆڵگێرە و کارەکتەرێکە پێویستە".

ئەمرۆ سێشەم ٣٠ی ئادار، لە پاریس ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان کرد و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگیان ئه‌نجام دا له‌سه‌ر گرنگى ئه‌م سه‌ردانه‌ د. رێبوار بابكه‌یى سه‌رۆكى لیژنەی پەیوەندییەکان و ره‌وه‌ندى كوردستانى لە پەرلەمانی کوردستان بۆ نوچەنێت گووتی، "بێ گومان بەر لە هەموو شتێك ئەم سەردانە یەك لەدوای یەکانەی پێشترى نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی ئەو پێشوازیە دیپلۆماسییە، دەرخەری ئەو راستییەیە کە فەڕەنسا وێرای ئەوەی دانی بە پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان ناوه‌، دانیش بەوە دەنێت کە هەرێمی کوردستان رۆڵگێرە کارەکتەرێکە پێویستە رێزی لێ بگیرێت و هەرگیز فەڕەنسا دەستبەرداری ئەو پاڵپشتییەی نابێت لە هەرێمی کوردستان کە هەیەتی".

سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستان له‌ شیكردنه‌وه‌ى گرنگى سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى به‌رده‌وام بوو و باسى له‌ گرنگى دۆستایه‌تى فه‌ڕه‌نسا بۆ كورد كرد و گوتى، "فه‌ڕه‌نسا رێگه‌نادات حکومەتی عێراق و هێزی دیکەی دەرەوەی عێراق هەوڵبدەن قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، بەڵکو فەڕەنسا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ئەم پێگەی دەستوورییه‌ى هەرێمی کوردستان كه‌ ئەویش پێگەی سیاسییه‌ وەك خۆی بمێنێته‌وه‌".

دواتر د. رێبوار بابكه‌یى باسى له‌و پێگه‌ گرنگه‌ى فه‌ڕه‌نسا كرد و بنه‌ما گرنگه‌كانى تێڕوانینى ئه‌و زلهێزه‌ى له‌ڕووى ئاسایشه‌وه‌ روونكرده‌وه‌ و گوتى، "دیارە ستراتیژییەتی گشتی فەڕەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر چەند بنچینەیه‌ك دامەزراوە. یەكه‌م پاراستنی ئاسایشی عێراقە کە ئاسایشی کوردستانیش دەگرێتەوە".

د.رێبوار بابكه‌یى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ چه‌ندان جار میلیشیاكانى شیعه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ حكومه‌تى كازمى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، رۆڵى فه‌ڕه‌نسا گرنگ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ هه‌ڕه‌شه‌كان دابنێ، به‌ تایبه‌ت كه‌ ده‌زانرێت له‌ هه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ى گرنگى یه‌كێتى ئه‌وروپا و ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى و هاوپه‌یمانى ناتۆ فه‌ڕه‌نسا پێگه‌یه‌كى گرنگى هه‌یه‌، ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروبارى عێراق له‌لایه‌ن وڵاتانى ناوچه‌كه‌یش ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین