تێبینی پەرلەمانی عێراق  لەسەر بودجەی گشتی چییە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، لیژنەكە 17 تێبینی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 هەیە، گرنگترینیان پەیوەندی بە قەبارەی خەرجی و كورتهێنانی بودجەوە هەیە، بۆیە لیژنەكە پێشنیار دەكات ئاستی خەرجییەكان كەم بكرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی نیسانی 2023 میدیاكانی عێراق دەقی ئەو راپۆرتەیان بڵاوكردووەتەوە، كە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 ئامادەی كردووە، كە دوێنێ‌ و ئەمڕۆیش لە پەرلەمان مشتومڕی لەسەر دەكرێت. 

لە پێشەكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان هاتووە، بە هۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی كە عێراق تێیدا دەژین، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و پەسەندنەكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2022، بۆیە ئەو بودجەیە هاتووەتە ئاراوە كە بە گەورەترین بودجەی مێژووی عێراق دادەنرێت. جیا لەمەیش بەردەوامبوونی زیادبوونی قەبارەی خەرجی بەكارخستن وایكردووە بگات بە 75% ی بودجەكە، لە بەرانبەر خەرجی وەبەهێنان 25%یە. 

چەند ژمارەیەكی سەرەكی بودجەی گشتی 2023

قەبارەی گشتی بودجەكە بەم شێوەیەیە: 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینارە. كە بەمشێوەیە دابەش دەبێت: خەرجی بەكارخستن  133 ترلیۆن و 750 ملیار و 981 ملیۆن و 21 هەزار دینارە، كەچی خەرجی وەبەرهێنان 49 ترلیۆن و 462 ملیار و 151 ملیۆن 754 هەزار دینارە. نرخی خەملێندراوی بەرمیلێك نەوتیش بە 70 دۆلار دانراوە، بە هەناردەی رۆژانەی سێ‌ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان. بەهای هەر دۆلارێكیش بە هەزار و 300 دینارە دانراوە.

قەبارەی بودجەی ئەمساڵ بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر دوو هێندە زیادی كردووە

ژمارە سەرەكییەكی بودجەی 2023 بە بەراورد بە دوایین بودجەی عێراق

دوایین بودجەی عێراق، بۆ ساڵی 2021 بوو. راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە هەندێك بڕگەدا بەرواردكاری لەنێوان بودجەی گشتی ئەمساڵ و ساڵی 2021 دەكات. لەوانە كۆی گشتی داهاتی ئەمساڵ بە 134 ترلیۆن و 600 ملیار دانراوە، كە داهاتی نەوتی 117 ترلیۆن و 300 ملیار دینارە و 87% داهاتەكە پێكدەهێنێ‌، داهاتی نانەوتیش17 ترلیۆن و 300 ملیار دینارە، كە 13%داهاتەكە پێكدەهێنێ‌.  

كەچی لە بودجەی گشتی 2021 داهاتی نەوتی 81 ترلیۆن دینار بووە، كە 80%ی داهاتەكە پێكدەهێنێ‌، كەچی داهاتی نانەوتی 20 ترلیۆن دینار بووە و 20%ی داهاتەكەیە و كۆی داهاتی 2021یش 101 ترلیۆن بوو. بەگوێرەی ئەم بەراوردە بێت قەبارەی بودجەی ئەمساڵ بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر دوو هێندە زیادی كردووە. 

راپۆرتەكەی پەرلەمان دەڵێ‌، كۆی خەرجییەكانی عێراق لە 2023 بە رێژەی 53% لە خەرجییەكانی 2021 زیاترە، كە ئەو كات 130 ترلیۆن دینار بوو. جگە لەمەیش تێبینی ئەوە دەكرێت كە داهاتی خەملێندراوی ئەمساڵ بەرێژەی 33% لە داهاتی راستەقینەی ساڵی 2021 زیاترە، بەر لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێستا نەوت بە 70 دۆلار خەملێندراوە كەچی لە 2021 بە 45 دۆلار خەملێندرا بوو و بڕەكەی ئێستایش بە 250 هەزار بەرمیل لەو كات زیاترە. 

حەوت ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەردەكەوێت

كورتهێنانی بودجە چەندە؟

راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تێبینیەكی زۆری لەسەر كورتهێنانی بودجەی گشتی ئەمساڵ هەیە و لە چەند شوێنی راپۆرتەكە دووپات لەسەر كەمكردنەوەی دەكاتەوە. كورتهێنانی داڕێژراو لە پڕۆژە یاساكەی بودجەی 2023 دەگاتە 64 ترلیۆن و 500 ملیار دینار، ئەمەیش بە رێژەی 125% لە كورتهێنانی ساڵی 2021 زیاترە كە ئەو كات تەنیا 28 ترلیۆن و 500 ملیار بووە. رێژەی كورتهێنانی ئەمساڵ 48%ی كۆی داهاتی ئەمساڵە. هەروەها كورتهێنانەكە رێژەی 55%داهاتی نەوتی و 373%ی داهاتی نانەوتی پێكدەهێنێ‌.

گرنگترین ئاڵەنگارییەكانی بەردەم بودجەی ئەمساڵ چییە؟

راپۆرتەكەی پەرلەمانی عێراق حەوت ئاڵەنگاری دیاریكردووە، كە دێنە بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە، یەكەمیان پەیوەندی بە گەورەیی قەبارەی ئەو تارخانكردنە هەیە كە بۆ پارەداركردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە. ئاڵەنگارییەكی تر پەیوەندی بە قەبارەی كورتهێنان هەیە، جیا لە ئاڵەنگاری بێكاریی و رێژەی هەژاری و هەڵاوسان. جگە لەمە كێشەی بەردەستی دراوی نەختینەیی هەیە "سیولە" سەرەڕای هەموو ئەمانە ناجێگریی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق 17 تێبینی لەسەر راپۆرتەكە نووسیوە و 20 راسپاردەی پێشنیار كردووە، بۆئەوەی بودجەكە رێكبخرێت و گرنگترین ئەو پێشنیارانە پەیوەندی بەو كەمكردنەوەی خەرجییەكان و نزمكردنەوەی ئاستی كورتهێنانی بودجەی گشتی ئەمساڵەوە هەیە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین