سوودانی وردەكاریی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشكرا دەكات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وردەكاریی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشكرا دەكات و دەڵێ‌، "پشكی هەرێمی كوردستان بە بودجەی گشتی عێراق 12.67%"

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئاداری 2023 حكومەتی عێراق لە دانیشتنێكی ئاسایی خۆی دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 دا و رەوانەی پەرلەمانی كرد. دواتر محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی باسی لە وردەكارییەكانی بودجە و شێوازی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمى كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ كرد.

سوودانی گوتی، "گەیشتووینەتە رێككەوتنێكی هەمەلایەنە بۆ مەسەلە هەڵپەسپێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، ئەمە یەكەم جارە كۆی داهاتی نەوتی بەرهەمهێننراو لە هەرێم بخرێتە هەژمارێكی بانكییەوە كە لەبەردەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەبێت. تێگەیشتنی نێویان هەولێر و بەغدا  خالێكی روونە، لە حاڵەتی بوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان بەغدا و هەولێر لیژنەیەك هەیە كە راسپاردەكانی بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵی بەرز دەكاتەوە".

سوودانی گوتیشی، " لە نێوان هەولێر وبەغدا تێگەیشتن هەیە بۆ دانانی یاسای نەوت و گاز، پشكی هەرێمیش 12.67%یە". وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی كرد، كۆی بودجەی عێراق 197 ترلیۆن دینارە و بودجەی بەكارخستن نزیكەی 150 ترلیۆن دینار دەبێت و بودجەی وەبەرهێنان 47 ترلیۆنە و كورتهێنانی بودجەیش دەگاتە 63 ترلیۆن دینار". بەگوێرەی یاسای كارگێری دارایی ژمارە شەشی 2019  پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ بۆ ساڵی 2024 و ساڵی 2025 دووبارە دەبێتەوە 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین