كازمی : لەدوای هاتنی داعش تەرمی سەدام دیار نییە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئەمڕۆ لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای دەكات، كە لەدوای هاتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە گۆڕی سەدام حوسێن سەرۆكی رژێمی بەعس هەڵكۆڵدراوە و تەرمەكەی دیار نییە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی ئاداری 2023 مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت كردووە و لە دیمانەكە باس لەوە دەكات چەندان جار سەدامی بینیوە . 

كازمی دەڵێ‌، "بۆ یەكەم جار لە یەكەم دانیشتنی دادگاكردن سەدامم بینیوە، بۆ ئەوە چووم ئەو ساتە مێژووییە،  ساتێكی مێژووی و زۆر قوڕس بوو خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی عێراق، بەڵام بە داخەوە ئەو قوربانیانەی ئامادەبوون لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی نەبوون، چونكە باسیان لەو شتانە دەكرد كە لەسەر داهاتە كەسییەكان هەیانبووە، ماڵ و ئۆتۆمبیل، بەمەیش تاوانەكانی سەدامیان بچووك كردەوە".

كازمی لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت و باس لەوە تەرمی سەدام دوای لە سێدارەدان لەبەردەم ماڵی مالیكی فڕێداوە. كازمی دەڵێ‌، "دوای ئەوەی لەسێدارەیان دا تەرمەكەیان لەنێوان ماڵی من و مالیكی فڕێدا لە ناوچەی سەوز، من بینیم كۆمەڵێك پاسەوان كۆبوونەوە و داوام لێكرد لاسەكە دووربخەنەوە وەك رێزێك لە مردوو، دواتر مالیكی تەرمەكەی رادەستی یەكێك لە شێخەكانی هۆزەكەی سەدام كرد، لە تكریت نێژرا، بەڵام دوای 2012 كاتێك داعش لە ناوچەكە دەسەڵاتی هەبوو، گۆڕەكەی سەدام هەڵكەنراوە، تەرمەكە بەرەو شوێنێكی نهێنی بردراوە، تا ئێستا كەس نایزانێ‌، گۆڕی منداڵەكانیشی تێكدراو".

سەدام حوسێن كە بە "دیكتاتۆری عێراق" دەناسرێت لە 30ی كانوونی یەكەمی 2006  لە عێراق لە سێدارە درا.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین