عێراق لە بری دۆلار پشت بە یوانی چینی دەبەستێ‌.. لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی چییە؟ شیکاری ئابوری

نوچه‌نێت

لەسەرەتای ساڵی 2023 وە بانكی ناوەندی عێراق كۆمەڵێك بڕیاری داوە كە لە توانایان هەیە، پارێزگاری لە سەقامگیری بواری دارایی و ئابووری گشتی بكەن و رووبەڕووی مەترسییەكانی ناجێگریی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی ببنەوە. سەرەڕای ئەمانەیش بۆ ئەوەی ئاسانكاری بكەن لە هاوردەكردن و هەناردەكردن، بە كردنەوەی پەیوەندی نوێ لەگەڵ بانكە جیهانییەكان و لەنێویشیاندا بانكەكانی چینن.

یەكێك لە بڕیارەكانی بانكی ناوەندی ئەوەیە پاڵپشتی بەڵانسی بانكە عێراقییەكان بكرێت، ئەوانەی كە بە یوانی چین هەژماریان لە بانكە چینییەكان هەیە. لێرەوە راستەوخۆ مامەڵە بە یوانی چینی دەكرێت، بێ‌ ناوەندگیری دۆلار بۆ ئاسانكردن و خێراكردنی مامەڵە داراییەكان، كە خەرجی هاوردەكردن كەم دەكاتەوە و جیا لەوەیش هاوردەكە لە مەترسی ناجێگریی بەهای دۆلار و دینار لەناوخۆی عێراق دەپارێزێت.

ماڵپەڕی جەزیرە نێت، خوێندنەوەیەكی ئابووری بۆ بڕیاری بانكی ناوەندی عێراق بۆ مامەڵەكردن بە یوانی چینی لە بری دۆلاری ئەمریكی دەكات و دەپرسێ‌: ئایا لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی لەسەر ئابووری عێراق چییە؟

راوێژكاری سەرۆكی حكومەت: بەكارهێنانی یوانی چینی لە عێراق لۆژیكییە

موزهیر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك حكومەتی عێراق، ئەم بڕیارەی عێراق بە "لۆژیكی" وەسف دەكات، كە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی بازرگانی چین و عێراق بە بەراورد بە وڵاتانی تر هاتووە. لە دیمانەیەكی لەگەڵ جەزیرە نێت، ئەو راوێژكارە دەڵێ‌، "چین هاوبەشی بازرگانی یەكەمی عێراقە، ساڵانە هاوردەى نەوتی بۆ ئەو وڵاتە و هێنانی كەلوپەل و خزمەتگوزاری تر دەگاتە 53 ملیار دۆلار". موزهیر محەمەد ساڵح دووپات لەسەر گرنگی بەكارهێنانی یوانی چینی دەكاتەوە، بۆ مامەڵەی بازرگانی كەرتی تایبەتی عێراق كە لە چینەوە شت هاوردە دەكەن.

هەروەها باسی لەوەیش كرد ئەو بڕیارە هاوكار دەبێت لە پەیڕەوكردنی ئەو سیستەمەی بانكی ناوەندی لە ساڵی رابردووە پێی پابەند بووە بۆ ناسینی ئەو كەسانەی حەواڵەی دەرەكی بۆ كڕین و فرۆشتن دەكەن، ئەمەیش بە پێی رێساكانی شەفافەیەتی نێودەوڵەتی دەبێت و دەشڵێ‌، "ئەم بڕیارە كاریگەرییەكی ئەرێنی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە".

لایەنە نەرێنییەكە چییە؟

بەپێچەوانەی قسەكانی راوێژكاری حكومەتی عێراق سەلام سمێسم كە ئافرەتێكی ئابووریناسە پێیوایە مامەڵەكردن بە یوان سەركێشییەكی سیاسییە و بۆ ماوەیەكی درێژخایەن سەركەوتوو نابێت. سمێسم دەڵێ‌، "سەركەوتنی ئەو بڕیارە پێویستی بە بەهایەكی هاوبەش هەیە كە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی نرخی ئەو نەوت بێت كە عێراق پشتی پێ دەبەستێ‌ و لەگەڵ نرخی یوانی چینی، بە واتای ئەوەی چەند دەوەستێ‌ و چۆن هاوتا دەبێت و چۆن نرخی بەرمیلێك نەوت هەژمار دەكرێت؟. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات پێویستە هەژماری كراوە بە بەهای دۆلار هەبێت. سەلام سمێسم پێیوایە ئەم بڕیارە سەركێشییەكی سیاسییە و بەرەو پێش ناچێت.

ئابووریناسێك: بڕیارێكی سیاسییەوە سەركەوتوو نابێت

ئایا عێراق و بانكەكانی یوانیان هەیە تا پاڵپشتی مامەڵە نوێییەكان بكەن؟

مستەفا حەنتوش مامۆستای ئابووری دەڵێ‌، "بانكە عێراقییەكان و كەرتی تایبەت دۆلاریان هەیە نەوەك یوان" سەرەڕای ئەمەیش دەڵێ‌، “بەغدا بە دراوەكەی لە چین دەكرێت و دواتر بەهای شتومەكەكان بە هاوتایی دۆلار دەدات. لە هەمان كاتیشدا بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا پاڵپشتی ئەو بڕیارە دەكات بۆ ئەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان چین و عێراق بۆ 18 تا 19 ملیار دۆلار كەم بكاتەوە”. حەنتوش لە لێدوانەكەی بۆ جەزیرە نێت هۆشداری دەدات لە كاریگەربوونی ئابووری عێراق بە مەترسی بەرزبوونەوەی كەلوپەلی چینی كە ئەویش راستەوخۆ لەسەر ئاستی جیهان بە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی دۆلارەوە بەندە.

ئایا بانكی ناوەندی عێراق دراوی چینی بە بانكە حكومی و تایبەتەكان دەدات؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێینەوە لای راوێژكارەكەی سەرۆكی حكومەت كە ئەویش باس لەوە دەكات بانكی ناوەندی عێراق ئەركی جۆراوجۆركردنی دراوی بیانی لە ئەستۆ دەگرێت كە لەنێویاندا دراوی چینیە. بۆیە بێگومان پارەی چینی بە بانكە عێراقییەكان دەدات، بۆ ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ چین دەكەن، تا  پێویستییەكانی هاوردەكردن لە چین دابین بكەن و ئەو پارانەی لەسەریانە بە دراوی چینی بدەنەوە.

میكانیزمی پرۆسەی پێدانی یوانی چینی چییە؟

لەبارەی میكانیزمەكەوە چەند هەنگاوێك هەیە كە عێراق بەكاریان دەهێنێ‌ بۆ حەواڵەكردن و بەكارهێنانی یوانی چینی لەبری دۆلاری ئەمریكی، ئەمەیش بەگوێرەی بنەمایەكی بانكی كە پێی دەگرێت "مامەڵەكارەكەت بناسە". "كەی وای سی "KYC" 

سوها كەفائی بەڕێوەبەری رێگەپێدراو لە بانكی ئیسلامی نێودەوڵەتی بۆ جەزیرە نێت باسی لەوە كردووە بانكی ناوەندی عێراق هەندێك رێكاری سادەكراوی بۆ جێبەجێكردین بڕیارەكە داناوە، بە پشتبەستن بە دوو جۆر لە كۆمپانیا:

جۆری یەكەم: كۆمپانیای بازرگانی تۆماركراو لە یەكێتی ژوورە بازرگانییەكان، متمانەپێكراو بە نووسراوی دادنووس و تۆماركراو لە فەرمانگەی كۆمپانیاكانی سەربە وەزارەتی بازرگانی عێراق، هەر كۆمپانیایەك رێگەی پێدراوە تا 260 ملیۆن دیناری عێراق "200هەزار دۆلار" مامەڵە بكات".

جۆری دووەم: ئەو كۆمپانیانەی راستەوخۆ لە فەرمانگەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان تۆماركراون، كە رێگەیان پێدراوە لە مامەڵەكردن و حەواڵەكردن، زیاتر لە 260 ملیۆن دینار (200 هەزار دۆلار) بەكاربهێنن.

ئەمریكا دژی بەكارهێنانی دراوی چینی نییە لەلایەن عێراقەوە 

كەفائی باسی لەوەیش كرد كە هەژمار بۆ ئەو جۆرە كۆمپانیانە دەكرێنەوە و وردبینی لە مامەڵەكانیان دەكرێت ودووپات لەسەر یاساییبوون و توانایان دەكرێتەوە، سەرەڕای ئەمەیش وردبینی بۆ پێشینەی بەڕێوەبەری رێگەپێدراو دەكرێت، وردبینی لە هەر پسوولەیەكی نێردراو دەكرێت كە ماوەكەی كەمتر بێت لە شەش مانگ، وەرگرتنەكەیش بە دینار بێت بۆ هەژمارەكە دوای وەرگرتنی رەزامەندییەكان.

بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بانكی ئیسلامی ئاشكرای دەكات كە بازرگانی نێودەوڵەتی لە عێراق رێكخراوە، ئەمەیش دوای ئەوەی بانكی ناوەندی رێگەی داوە كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستانیش بچنە سەر سەكۆی ئەلیكترۆنی بۆ مامەڵە داراییەكان لەگەڵ ئەو بانكانەی لە عێراق كاردەكەن، هەروەها بە هەمان شێوەیش دەرگاش بۆ كەرتە جۆراوجۆرەكان كراوەتەوە، وەك پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، نووسینگە زانستییەكانی دەرمان، پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، چارەسەری، خوێندن، فرۆشتنی زەویوزار، سەرەڕای بازرگانی دەرەكی بە هەموو شێوەكانییەوە.

كەفائی كاركردنی عێراق بەم بڕیارە بە هەنگاوێكی گرنگ دەزانێ‌ لە بازرگانی دەرەكی و بە دەروازەیەك دەزانێ‌ بۆ كاركردنی بازرگانی لە عێراق بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان. 

ئەو بڕیارە نوێیە خۆبەدوورگرتنە لە یاسا بانكییە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان؟

عەقیل ئەنساری شارەزا لە كاروباری بانكەكان لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێ‌ "من پێموانییە، چونكە بانكی ناوەندی لە میانەی سەكۆی سویفت كە لەكۆتایی ساڵی رابردووەوە جێبەجێی دەكات، دەزانێ‌ سەرچاوە دارایی چییە و هۆكاری حەواڵەكردن و لایەنی سوودمەندیش دەناسێ‌".

ئایا مامەڵەكردن بە یوانی چینی ئاڵنگارییە بۆ ئەمریكا؟

ئەنساری ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە گوایە لێرەو لەوێ‌ باس لە تۆڕەیی ئەمریكا دەكەن، لە بەكارهێنانی یوان لەلایەن عێراقەوە، بۆ مامەڵە بازرگانییەكان. ئەو دەڵێ تەنانەت عێراق داوای لە بانكی جی پی مۆرگان كردووە بۆ ئەوەی لە رووی تەكنیكەوە هاوكاری بكات بۆ جێبەجێكردنی بڕیارە بانكییە نوێیەكە، ئەمەیش رەزامەندی داوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین