فوئاد حوسێن: به‌هاى دۆلار به‌ره‌و دابه‌زینه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و سه‌رۆكى شاندى دانوستانكارى عێراق له‌ ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "بارودۆخى ئابوورى عێراق باشه‌ و به‌هاى دۆلاریش روو له‌ دابه‌زینه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16/شوبات/2023 فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باس له‌ به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینارى عێراقى ده‌كات و ده‌ڵێ، "به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌ها نه‌ما و له‌مه‌ودوا به‌ره‌و دابه‌زینه‌".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌ به‌هاى دۆلار و به‌هاى دینار نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندى به‌ میكانیزمى حه‌واڵه‌كردنى دۆلار هه‌یه‌ و ده‌شڵێ، "ئه‌وه‌ نه‌ما به‌ ته‌له‌فۆن پاره‌ حه‌واڵه‌ بكرێت".

فوئاد حوسێن له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم بارودۆخى ئابوورى عێراق باشه‌ و یه‌ده‌گ و پاره‌ى هه‌یه‌ و نه‌وت ده‌فرۆشى كه‌ هێشتا نرخه‌كه‌ى به‌رزه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌یشت هه‌بێ ئه‌وا مه‌ترسى له‌سه‌ر دراوه‌كه‌ت نامێنێ".

له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى رابردووه‌وه‌، كێشه‌ى دۆلار له‌ عێراق دروست بووه‌، به‌هاى ئه‌م دراوه‌ به‌رانبه‌ر به‌ دینار ناجێگیره‌، هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا رێكاریى نوێى بۆ حه‌واڵه‌كردنى پاره‌ گرتووه‌ته‌به‌ر چونكه‌ به‌رپرسانى عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ پاره‌ به‌ ئێران و رژێمى سووریا ده‌ده‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین