گاردیان: داگیركردنى عێراق سیاسه‌تى به‌ریتانیاى تێكشكاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى گاردیانى به‌ریتانى یادى ئه‌و خۆپیشاندانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ دژى هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق و به‌شداربوونى به‌ریتانیا تێیدا له‌ شوباتى 2003 به‌ڕێوه‌چوو، ده‌شڵێ، "داگیركردنى عێراق بوو به‌ریتانیاى له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ تێكشكاند".

ئه‌مڕۆ 15/ شوبات/2023 رۆژنامه‌كانى جیهان باسیان له‌و خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌یه‌ كرد كه‌ 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ 15/شوبات/2003 له‌ 600 شارى دنیا به‌ شاره‌كانى به‌ریتانیایشه‌وه‌، له‌ دژى هه‌وڵه‌كانى به‌ریتانیا و ئه‌مریكا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق به‌ڕێوه‌چوو. كه‌چى هێرشه‌كه‌ له‌ مانگى ئادارى هه‌مان ساڵ به‌ڕێوه‌چوو. 

له‌ راپۆرته‌كه‌ى گاردیان هاتووه‌، "كه‌س ناتوانێ بڵێ هۆشدارییه‌كه‌یان پێنه‌گه‌یشتووه‌، له‌ رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ دوو ملیۆن به‌ریتانى له‌ خۆپیشاندانێكى گشتى دژ به‌ جه‌نگ به‌شداربوون، بۆئه‌وه‌ى حكومه‌تى تۆنى بلێر له‌ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ دژ به‌ عێراق پاشگه‌ز بكه‌نه‌وه‌".

دواتر گاردیان ده‌ڵێ، "هه‌موو وایانده‌زانى كه‌ ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ى خۆپیشانده‌ران له‌سه‌رانسه‌رى دنیا به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كان له‌و شه‌ڕه‌ پاشگه‌ز بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ رووینه‌دا" گاردیان باس له‌وه‌ ده‌كات به‌شداربوونى حكومه‌تى تۆنى بلێر له‌ شه‌ڕى دژى به‌ عێراق، "به‌ریتانیاى له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ تێكشكاند". و دواتریش ده‌ڵێ، "ئه‌و جه‌نگه‌ى بۆ گه‌لى عێراق كاره‌سات بوو، دواتر لێكه‌وته‌كانى بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش هه‌بوو كه‌ هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجام دا، وه‌ك رقلێبوونه‌وه‌ له‌ تۆنى بلێر له‌لایه‌ن راى گشتییه‌وه‌، ئه‌مه‌ خاڵى وه‌رچه‌رخان بوو له‌ سیاسه‌تى به‌ریتانى، له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌ڕه‌ گه‌لى به‌ریتانیا متمانه‌ى به‌ حكومه‌ته‌كه‌ى نه‌ما".

له‌ به‌شێكى تر، رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ ده‌ڵێ، "كرده‌وه‌كانى تۆنى بلێر و حكومه‌ته‌كه‌ى به‌ریتانیا و جیهانى خسته‌ ته‌ڵه‌ى جه‌نگێكى هه‌تاهه‌تایى و له‌وه‌ ناچى كۆتایى هه‌بێت. بینیمان كاریگه‌رى كولتوورى بلێر و بڕیارى جه‌نگ له‌سه‌ر عێراق و جیهان به‌ روونى ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ ده‌ركه‌وتنى رێكخراوى قاعیده‌ و دواتر گه‌شه‌كردن و بڵاوبوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ و ئینجا رووخانى دیموكراسییه‌كان، هێرشى هاوپه‌یمانى ناتۆ بۆ سه‌ر لیبیا له‌ 2011 كه‌ ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆى داڕووخانى سیسته‌مه‌كان و جه‌نگى ناوخۆیى، هێشتا گه‌لانى باكوورى ئه‌فریقیا باجه‌كه‌ى ده‌ده‌ن".

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى ره‌تیكرده‌وه‌ پاساو بۆ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕێك دژ به‌ عێراق بدات، ئه‌مریكا و به‌ریتانیا له‌ ئادارى 2003 جه‌نگیان له‌ دژى عێراق هه‌ڵگیرساند و دواجاریش له‌ نۆى نیسانى هه‌مان ساڵ رژێمى سیاسى له‌ عێراق رووخا و ئه‌مریكا پرۆسه‌كه‌ى به‌ "داگیركردن" ناونا. 

له‌ كاتێكدا خه‌ریكه‌ له‌ یادى بیست ساڵه‌ى داگیركردنى عێراق نزیك ده‌بینه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك وتار و كتێب له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ و زۆرێك له‌ نووسه‌ره‌كانیان هه‌ڵگیرساندنى شه‌ڕى دژ به‌ عێراق  و داگیركردنى ئه‌و وڵاته‌ به‌ "هه‌ڵه‌یه‌كى كاره‌ساتبار" وه‌سف ده‌كه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین