نێچیرڤان بارزانى بانگهێشتى فه‌رمیى قه‌ته‌ر ده‌كرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ محه‌مه‌د بن عه‌بدولره‌حمان ئال سانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كرد. له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵى خۆى به‌ كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر كرد و دواتر بانگهێشتنامه‌یه‌كى سه‌رۆك وه‌زیرانى قه‌ته‌ر بۆ سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ قبووڵ كرد.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا باسى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى به‌ بڕیارى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌ربڕى و به‌ ده‌رفه‌تێكى باشتر بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى قه‌ته‌ر و هه‌رێمى كوردستانى له‌ قه‌ڵه‌مدا و دووپاتى كرده‌وه كه‌ ئارامى و سه‌قامگیرى و یاساى هانده‌رى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان، ‌زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێم و له‌وێشه‌وه‌ بۆ هه‌موو عێراق ده‌ڕه‌خسێنێت.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/3/24 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان ئاماده‌ى بوون، بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و گرنگیى هاریكارى و هاوبه‌شى له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌دا، ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤید_19 و هه‌نگاوه‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، بانگهێشتنامه‌یه‌كى فه‌رمیى به‌ڕێز شێخ خالد بن خه‌لیفه‌ بن عه‌بدولعه‌زیز ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى قه‌ته‌رى بۆ سه‌ردانى ده‌وحه‌ قبووڵ كرد و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له‌ ته‌واوبوونى ڕێكاره‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى گرنگیى قه‌ته‌ر و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد و خۆشحاڵیى خۆى بۆ هه‌نگاوه‌كانى ئاساییبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ وڵاتانى كه‌نداو ده‌ربڕى و هیواى خواست هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن هاوبه‌شى، هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى باشتر له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌دا بكه‌ن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین