عێراق له‌ سڕبوونى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران ده‌ترسێ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبووه‌ته‌وه‌ و دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ وڵاته‌كه‌ى له‌ سڕبوونى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران نیگه‌رانە و بۆیه‌ خوازیارى زیندووكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24/كانوونى دووه‌م/2023 ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى لێدوانێكى فوئاد حوسێنى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "هه‌ر چه‌نده‌ ناوچه‌كه‌ كه‌متر گرژیى به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینى، به‌ تایبه‌تى له‌نێوان ئێران و سعوودیه‌، كه‌چى عێراق له‌ سڕبوونى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران نیگه‌رانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ زیندوو بكرێته‌وه‌".

فوئاد حوسێن له‌ دیدارێكى له‌گه‌ڵ رۆزمارى دى كارلۆ بریكارى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى و ئاشتى، جنین پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م نیگه‌رانییه‌ى عێراقى خستووه‌ته‌ڕوو.

ئێران و ئه‌مریكا له‌ عێراق ململانێیه‌كى توندیان هه‌یه‌، ئیداره‌ى بایدنیش لە ئه‌مریكا "مردنى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى" راگه‌یاندووه‌، بۆیه‌ به‌رپرسانى عێراق له‌وه‌ نیگه‌رانن ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یان هه‌بێت.

رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى له‌ نیسانى 2015 له‌ نێوان ئێران و ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و چین و رووسیا راگه‌یێندرا. به‌ڵام له‌ ساڵى 2018 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌و كاتى ئه‌مریكا، كشانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ راگه‌یاند. دواتر له‌ ساڵى 2021 له‌ ڤییه‌نا كۆمه‌ڵێك گه‌ڕى دانوستاندن له‌نێوان وڵاتان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین