گه‌وره‌ترین بودجه‌ له‌ مێژووى عێراق تووشى ئاڵنگاریى ده‌بێته‌وه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2023 زه‌به‌لاحترین بودجه‌ بێت له‌ مێژووى عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هۆى كورتهێنانێكى زۆر و خه‌رجییه‌كى زۆر رووبه‌ڕووى ئاڵه‌نگارییه‌كى سه‌خت ببێته‌وه‌، بەڵام وه‌زاره‌تى دارایى روونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌دات كه‌ له‌باره‌ى بودجه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/ كانوونى دووه‌م/2023 له‌ چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كى عێراقى و عه‌ره‌بى زانیارى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2023 بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ى دانراوه‌ به‌ گه‌وره‌ترین بودجه‌ داده‌نرێت له‌ مێژووى عێراقدا.

ئه‌و بودجه‌یه‌ى كه‌ دانراوه‌ نزیكه‌ى 200 ترلیۆن دینار ده‌بێت كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 140 ملیار دۆلار. به‌شى به‌كارخستن له‌و بودجه‌یه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 80 تریلۆن كه‌ ئه‌مه‌یش خه‌رجى حكومه‌ت و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كرێت خه‌رجییه‌كان ده‌گاته‌ 100 ترلیۆن دینار. نرخى خه‌ملێندراوى نه‌وتیش كه‌متره‌ له‌ 70 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك. به‌هاى هه‌ر دۆلارێكیش به‌ هه‌زار و 460 دینار خه‌ملێندراوه‌. 

ته‌نیا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ نێوان 42 تا 60 ترلیۆن دینار ده‌بێت. مسته‌فا سه‌ند په‌رله‌مانتارى عێراق به‌ڵگه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باسى له‌وه‌ كردووه‌ له‌ كاتێكدا داهاتى عێراق 148 ترلیۆن دیناره‌، بودجه‌كه‌ نزیكه‌ى 269 ترلیۆن ده‌بێت و ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كورتهێنانى بودجه‌ 121 ترلیۆن بێت. كه‌ ئه‌مه‌یش به‌ گوته‌ى ئه‌و سه‌رپێچییه‌ بۆ یاساى دارایى ده‌وڵه‌ت چونكه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و یاسایه‌ نابێت كورتهێنان له‌ سێیه‌كى كۆى داهاتى ناوخۆى تێپه‌ڕ بكات. 

بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ وه‌زاره‌تى دارایى هێنایه‌ ده‌نگ و له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئه‌م زانیارییانه‌ به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "وه‌زاره‌تى دارایى چاودێریى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و زانیارییه‌ نادروستانه‌ى كردووه‌ كه‌ گوایه‌ له‌باره‌ى قه‌باره‌ى خه‌رجییه‌كان و داهاتى پێشبینیكراو، له‌ ناو ره‌شنووسى یاساى بودجه‌ى گشتى بۆ ساڵى 2023 هاتووه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین