رۆژنامه‌كانى ئێران هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر سوودانى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كى ئێرانى هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مڕۆى عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن گوایه‌ پشتیان له‌ ئێران كردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/ كانوونى دووه‌م/ 2023، رۆژنامه‌ى عاله‌م جه‌دیدى عێراقى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كى ئێرانى هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر سوودانى، دواى ئه‌وه‌ى سوودانى له‌ دیمانه‌یه‌كدا دووپاتى له‌سه‌ر گرنگى كه‌نداوى عه‌ره‌بى بۆ عێراق كردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و داوایه‌ى ئێرانى فه‌رامۆش ده‌كات كه‌ له‌ برى كه‌نداوى عه‌ره‌بى "كه‌نداوى فارسى" به‌كاربهێنێ.

رۆژنامه‌ عێراقییه‌كه‌ نموونه‌ى وتارێكى هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن موحسین ره‌فیق نووسه‌رى ئێرانى نووسراوه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "سیاسییه‌كانى عێراق دواى كه‌وتنى رژێمى پێشوو پاڵپشتى سیاسى و دارایى ئێرانیان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا زۆر له‌ پێشوو بوێرترن، له‌ چوونه‌ باوه‌شى عه‌ره‌بى و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌رێمه‌كه‌، ته‌نانه‌ت به‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ په‌یماننامه‌ و له‌به‌رچاوگرتنه‌ برایانه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران بخه‌نه‌ ژێر پێى خۆیان".

جیا له‌ سوودانى، رۆژنامه‌كانى ئێران جارێكى تر مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراقیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، گوایه‌ ده‌ستى هه‌بووه‌ له‌ كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران كه‌ له‌ هێرشێكى ئه‌مریكا له‌ سێى كانوونى دووه‌مى 2020 له‌ به‌غدا كوژرا.

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ئێران به‌ فه‌رمى ره‌خنه‌ى له‌ عێراق گرت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى خولى جامى كه‌نداو له‌ به‌سڕه‌، به‌رپرسانى عێراق زاراوه‌ى "كه‌نداوى عه‌ره‌بی"یان به‌كارهێناوه‌، دواتر محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى dw ئه‌ڵمانى دووپاتى له‌سه‌ر دروستى زاراوه‌كه‌ كردووه‌ و باسى له‌ گرنگى رۆڵى وڵاتانى عه‌ره‌بى بۆ عێراق كرد.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین