له‌ یادى كوشتنى سوله‌یمانى و موهه‌ندیس..هه‌ڵوێستى شیعه‌كان لاوازتر بووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سبه‌ى سێى كانوونى دووه‌م سێیه‌م ساڵیادى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسى جێگرى سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبییه‌، به‌گوێره‌ى لێدوانه‌كان ئه‌مساڵ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ئاستى گرژیییه‌كانى به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌مریكا، له‌ لایه‌ن ئێران و میلیشیاكانى هێنده‌ به‌رز نابێته‌وه‌.

سبه‌ى سێشه‌ممه‌ سێى كانوونى دووه‌مى 2023 سێیه‌م ساڵ به‌سه‌ر رووداوى فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس به‌ هێرشێكى ئه‌مریكا كوژران، له‌ دوو ساڵى رابردوو له‌م یاده‌دا به‌ چه‌ند شێوازێك ئاستى گرژییه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌رزده‌كرایه‌وه‌، له‌وانه‌ خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ترى به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چوو، یانیش به‌ مووشه‌كى راسته‌وخۆى ئێران و میلیشیاكان هێرش ده‌كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق.

به‌ڵام چاودێرانى سیاسى بۆ ئه‌مساڵ پێشبینى ده‌كه‌ن، ئاستى گرژییه‌كان وه‌ك ساڵانى رابردوو به‌رزنه‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ پروپاگه‌ندى راگه‌یاندن هه‌ندێك هه‌ڕه‌شه‌ بكرێن. رۆژنامه‌ى عاله‌م جه‌دید ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باسى ئه‌و یاده‌ى كردووه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ كراوه‌ به‌ هۆى هه‌ندێك گۆڕانكارى كه‌ له‌ عێراق و ئێران روویانداوه‌، چاوه‌ڕوان ناكرێت هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ دژى ئه‌مریكا و مانه‌وه‌ى له‌ عێراق له‌ شێوه‌ى دوو ساڵى رابردوو بێت.

سه‌باره‌ت به‌ عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، ئێستا له‌ عێراق محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌كات، كه‌ كاندیدى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌، بۆیه‌ شیعه‌كان كارێكى ئه‌وتۆ ناكه‌ن، ئه‌و حكومه‌ته‌ بخه‌نه‌ بارێكى "هه‌ستیاره‌وه‌". له‌ ئێرانیش كێشه‌كانى ناوخۆ رۆژ له‌دواى رۆژ له‌ زیادبوونه‌وه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت  ئێرانیش كارێكى ئه‌وتۆ بكات بارودۆخى ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزتر بكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین