هێشتا كوێت متمانه‌ى به‌ عێراق نییه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌یه‌كى كوێتى ئاشكراى ده‌كات له‌ لوتكه‌ى وڵاتانى كه‌نداو و چین كه‌ له‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، دیپلۆماتكارانى كوێت هاوتا چینیه‌كانیان رازى كردووه‌ به‌وه‌ى وڵاته‌كه‌یان هه‌وڵ بدات عێراق پابه‌ند بكات به‌ پاراستنى سه‌روه‌ریى كوێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19/ كانوونى یه‌كه‌م/ 2022 رۆژنامه‌ى ره‌ئى كوێتى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشكرایان كردووه‌، له‌ كاتى لووتكه‌ى وڵاتانى كه‌نداو و چین، كه‌ نۆى ئه‌م مانگه‌ له‌ ریاز به‌ڕێوه‌چوو. به‌رپرسانى كوێت سێ كاتژمێر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى چین كۆبوونه‌ته‌وه‌ و رازییان كردوون تا له‌ بڕگه‌یه‌كى به‌یاننامه‌ى كۆتایى عێراق پابه‌ندبكرێت به‌وه‌ى سه‌روه‌ریى خاكى كوێت بپارێزێت و ئه‌م بڕگه‌یه‌یش له‌ به‌یاننامه‌كه‌ زیاد كرا.

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوزى عێراقیش باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و بڕگه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانى عێراقى تووڕه‌ كردووه‌ و داوایان كردووه‌، وه‌ڵامى به‌یاننامه‌كه‌ بدرێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا عێراق چه‌ندان جار پێشێلكاریى كردووه‌ و سنوورى كوێتى به‌زاندووه‌.

له‌ دووى ئابى 1990 عێراق به‌ سوپاى كوێتى داگیركرد و دواتر به‌ پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى عێراق ناچار كرا له‌ كوێت بكشێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ئاسایى بووه‌ته‌وه‌ و عێراق قه‌ره‌بووى دارایى كوێتى كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ناوه‌ ناوه‌ كوێتیه‌كان بێ متمانه‌ى خۆیان له‌ به‌رانبه‌ر عێراق ده‌رده‌بڕن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین