دۆلار سوودانى ده‌خاته‌ هه‌ڵوێستێكى نه‌خوازراو کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

یه‌كێك له‌ به‌ڵێنه‌كانى محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دابه‌زاندنى نرخى دۆلار بوو به‌رانبه‌ر به‌ دینار، كه‌چى ئێستا نرخى دۆلار زیاتر له‌ دوو ساڵى رابردوو به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و په‌رله‌مانتارانیش هه‌ڕه‌شه‌ى لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوودانى و پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17/ كانوونى یه‌كه‌م/2022 له‌ راپۆرتێكدا لێدوانى چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر نرخى دۆلار به‌م شێوه‌یه‌ به‌رز بێت، ئه‌وا بانگهێشتى سوودانى و  مسته‌فا غالب پارێزگاى بانكى ناوه‌ندى عێراق ده‌كه‌ن. 

رائید مالیكى ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكدا ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌رهاتوو نرخى دۆلار وه‌ك خۆى دانه‌به‌زێته‌وه‌ ئه‌وا بانگهێشتى سه‌رۆك وه‌زیران و پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ده‌كه‌ین".

هادى سه‌لامى په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌خۆ هاوشێوه‌ى رائید مالیكى لێدوانى داوه‌ و ئاشكراى ده‌كات كه‌ هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ى ئیمزا ده‌دات، بۆئه‌وه‌ى لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوودانى بكرێت له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ كراوه‌، به‌ر له‌وه‌ى سوودانى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ست به‌كار بێت، نرخى 100 دۆلار به‌رانبه‌ر 147 هه‌زار دینار بوو، كه‌چى ئێستا بۆ سه‌رووى 151 به‌رزبووه‌ته‌وه‌ وته‌نانه‌ت هه‌ندێك كات گه‌یشتووه‌ته‌ 153 هه‌زار دینار. ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ى به‌ڵێنه‌كه‌ى محه‌مه‌د شیاع سوودانییه‌.

له‌كۆتایى ساڵى 2020 وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌یرانى دارایى كه‌ ئه‌و كات عێراق به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ جیهان تووشى ببوو، به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار به‌رزكرایه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى حكومه‌ت بتوانێ مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى كه‌رتى گشتى بدات. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین