شیعه‌كان خۆیان له‌ دۆسیه‌ى مانه‌وه‌ى ئه‌مریكییه‌كان بێده‌نگ كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌ پێچه‌وانه‌ى سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى مسته‌فا كازمى، لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌ عێراق بێده‌نگییان له‌به‌رانبه‌ر مانه‌وه‌ى بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا هه‌ڵبژاردووه‌ و چاودێرێكی سیاسیش ده‌ڵێ، "هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى سوودانى هى خۆیانه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15/ كانوونى یه‌كه‌م/2022 ئیحسان شه‌مه‌رى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى بیركردنه‌وه‌ى سیاسى له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عاله‌م جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و میلیشیاكانى شیعه‌ پێشتر دۆسیه‌ى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكایان وه‌ك كارتێكى فشار له‌ دژى واشنتن و حكومه‌تى عێراق به‌كارده‌هێنا و ئامانج تۆمه‌تباركردنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق بوو.

كه‌چى ئێستا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌و دۆسیه‌یه‌ ناكه‌ن و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌، ئیحسان شه‌مه‌رى ده‌ڵێ، "بابه‌ته‌كه‌ ئێستا جیاوازه‌، حكومه‌تى ئێستا سه‌ربه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌، ئه‌م چوارچێوه‌یه‌یش درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ مه‌سه‌له‌ى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌بێت بخرێته‌ ژێر پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پێوه‌ره‌كانى په‌یوه‌ندى، نه‌وه‌ك بكه‌وێته‌ ژێر ره‌فتار و گوشارى سیاسى، بۆیه‌ خۆى له‌و بابه‌ته‌ به‌ دوور ده‌گرێت".

له‌گه‌ڵ پێكهێنانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش له‌ ساڵى 2014 هێزێكى زۆرى ئه‌مریكا بۆ عێراق گه‌ڕایه‌وه‌ و ئێستا نزیكه‌ى سێ هه‌زار كه‌س له‌ عێراق ماون، به‌ڵام له‌كۆتایى ساڵى رابردوو مسته‌فا كازمى كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو، كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانانى راگه‌یاند و  گوتى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ ده‌مێننه‌وه‌ ئه‌ركى جه‌نگاوه‌رییان نامێنێ.

هێزه‌ شیعه‌كان به‌رده‌وام داواى كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌یان كردووه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ فشارى سیاسى ئه‌وان په‌رله‌مانى عێراق له‌ سه‌ره‌تاى 2020 بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكاى داوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین