به‌رپرسێكى CIA ویستى فێڵ له‌ كورد بكات سه‌رۆك بارزانى ئاشكراى ده‌كات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

كامه‌ران قه‌ره‌داغى نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس له‌ كتێبێكى نوێى ئاشكراى ده‌كات، به‌رپرسێكى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا ناسراو به‌ "CIA" هه‌وڵى داوه‌ فێڵ له‌ كورد بكات، به‌ ناوى خستنى رژێمى سه‌دام حوسێن ئاماده‌یان بكات، به‌ڵام سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى پێى زانیوه‌ و پیلانه‌كه‌ى ئاشكرا كردووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ شه‌شى كانوونى یه‌كه‌م / 2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت به‌شێك له‌ نوێترین كتێبى كامه‌ران قه‌ره‌داغى (كه‌ راوێژكارى مام جه‌لال تاڵه‌بانى بوو) بڵاوده‌كاته‌وه‌، کە به‌ ناوى "به‌هارى خوێناوى كورد" كه‌ له‌م نزیكانه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌. له‌م به‌شه‌دا قه‌ره‌داغى باس له‌ چه‌ند رووداوێكى نۆهه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌كات، یه‌كێك له‌و رووداوانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسێكى ئاژانسى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا كه‌ به‌ سى ئاى ئه‌ى ناسراوه‌، ویستویه‌تى فێڵ له‌ كورد بكات.

به‌رپرسه‌كه‌ى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا به‌ رسته‌یه‌ك
سه‌رۆك بارزانى ده‌خاته‌ گومانه‌وه‌

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ "بۆب" ناسراوه‌ و ناوى ته‌واوى رۆبێرت بایه‌ر بووه‌، له‌ كوردستان به‌رپرسى سی ئاى ئه‌ى بووه‌ و هه‌وڵى داوه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى عێراقى هاوئاهه‌نگى دروست بكات. كامه‌ران قه‌ره‌داغى باسى له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و پیاوه‌ كه‌ دواتر بووه‌ته‌ نووسه‌ر و وه‌ك مامۆستاى زانكۆى كارى كردووه‌، پێشتر 21 ساڵ له‌ هه‌واڵگرى ئه‌مریكا كارى كردووه‌ له‌نێوان ساڵانى 1976-1997 .

نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات له‌و ماوه‌یه‌ى بۆب له‌ هه‌رێمى كوردستان بووه‌، هه‌وڵى داوه‌ به‌رپرسانى ئه‌مریكا كه‌ ئه‌و كات بێل كلنتۆن سه‌رۆك بوو، رازى بكات، تا رژێمى سه‌دام حوسێن بخه‌ن، كه‌چى ئه‌مریكا به‌و پرسه‌ رازى نه‌بووه‌، به‌ڵام بۆب بانگى ئه‌مریكا كراوه‌ و له‌وێ پلانى كوشتنى سه‌دام دانراوه‌ كه‌ به‌ ده‌ستى چه‌ند ئه‌فسه‌رێكى عێراقى  پلانه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌منى عێراق به‌م هه‌وڵى زانیوه‌ و پلانه‌كه‌ ئاشكرا بووه‌.

دواتر بۆب هه‌وڵى داوه‌ كورد رازى بكات، به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ى نیشتمانى كه‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر سه‌دام حوسێن، بۆ ئه‌مه‌یش كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئۆپۆزسیۆنى عێراق به‌ كورد و عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌كات. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان رازى ده‌بن، چونكه‌ بۆب گوتویه‌تى، ئه‌مریكا پاڵپشتى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كات.

له‌و كاته‌دا بۆب سه‌ردانى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى ده‌كات بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، به‌ڵام قسه‌یه‌كى بۆب گومان له‌لاى سه‌رۆك بارزانى دروست ده‌كات. ئه‌میش ئه‌وه‌یه‌ بۆب داوا له‌ سه‌رۆك بارزانى ده‌كات ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ هۆشیار زێبارى باس نه‌كات، كه‌ ئه‌و كات به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى بووه‌ و له‌ ئه‌مریكا بووه‌. سه‌رۆك بارزانى به‌م قسه‌یه‌ گومان بۆ دروست ده‌بێت و په‌یوه‌ندى به‌ هۆشیار زێبارى ده‌كات، ئه‌ویش سۆراخ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كات و به‌رپرسانى ئه‌مریكا بۆ هۆشیار زێبارى دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بۆب بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ رێگه‌پێدراو نه‌بووه‌ و بابه‌تى له‌م جۆره‌ له‌ ئارا نییه‌، بۆیه‌ پارتى له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆب ده‌كشێته‌وه‌، كه‌چى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و هێزه‌كه‌ى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن. دواتر ئه‌وانیش واز ده‌هێنن. 

كامه‌ران قه‌ره‌داغى باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سێ كه‌س وه‌رگرتووه‌، ئه‌وانیش مام جه‌لال تاڵه‌بانى، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى و هۆشیار زێبارین. ته‌نانه‌ت باسى له‌وه‌ كردووه‌ دواجار له‌ 9/6/2021 په‌یوه‌ندى به‌ هۆشیار زێبارى كردووه‌ و هه‌ندێك زانیاری تریشى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ لێ وه‌رگرتووه‌. هۆشیار زێبارى گوتویه‌تى ئه‌و كاته‌ى په‌یوه‌ندى به‌ به‌رپرسانى ئه‌مریكا كردووه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ زانیارییه‌كانى به‌رپرسه‌كه‌ى هه‌واڵگرى، نامه‌یه‌كى كورتى له‌لایه‌ن ئه‌نتۆنى لیك بۆ هاتووه‌ كه‌ ئه‌و كات راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى ئه‌مریكا بووه‌، له‌ نامه‌كه‌ به‌ هۆشیار زێبارى راگه‌یاندووه‌ ئه‌مریكا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌و بابه‌ته‌ نییه‌، هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌كى له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وا ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ى هه‌ڵده‌گه‌ن نه‌وه‌ك ئیداره‌ى ئه‌مریكا. بۆیه‌ هۆشیار دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م په‌یامه‌ سه‌رۆك بارزانى و دواتریش به‌ تاڵه‌بانى وچه‌له‌بى ده‌درێت، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و په‌یامه‌یش پارتى له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كشێته‌وه‌.

به‌هارى خوێناوى كورد

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین