تل ره‌فعه‌ت ئامانجى داهاتووى ئۆپراسیۆنه‌كه‌ى توركیایه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌كان ئاشكرایان كردووه‌، ئامانجى داهاتووى توركیا له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باكوورى سووریا، شارۆچكه‌ى تل ره‌فعه‌ته‌. روانگه‌ى سووریش بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ئاشكراى ده‌كات له‌ هه‌شت رۆژى رابردوودا 65 كه‌س له‌ هێزه‌كانى رژێمى سووریا و هه‌سه‌ده‌ كوژراون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/تشرینى دووه‌م/2022 چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئۆپۆزسیۆنى توندڕه‌وى سووریا كه‌ هاوپه‌یمانن له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" یان ئاشكرا كردووه‌، ئامانجى داهاتووى ئۆپراسیۆنه‌كه‌ى توركیا بۆ سه‌ر باكوورى سووریا، شارۆچكه‌ى تل ره‌فعه‌ته‌، هه‌رچه‌نده‌ باسى كۆبانێش ده‌كرێت گوایه‌ له‌ ئامانجه‌كانى توركیا بێت.

تل ره‌فعه‌ت شارێكى دێرینى سووریایه‌ و مێژووه‌كه‌ى بۆ حه‌وت سه‌ده‌ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. تا ئێستا ئامارى فه‌رمى له‌سه‌ر ژماره‌ى دانیشتووانى نییه‌، به‌ڵام به‌ نزیكه‌ى 80 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌ملێنرێت. شارۆچكه‌ى تل ره‌فعه‌ت ده‌كه‌وێته‌ ده‌شتایی حه‌له‌به‌وه‌.

روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مررڤ باسى له‌وه‌ كردووه‌، شه‌وى رابردوو به‌ هۆى بۆردومانى هێزه‌كانى توركیا پێنج كه‌س له‌ هێزه‌كانى رژێمى سووریا كوژراون، باس له‌وه‌یش ده‌كات له‌ 20ى ئه‌م مانگه‌وه‌ تا ئێستا له‌ ئه‌نجامى بۆردومانه‌كانى توركیا 65 كه‌س كوژراون، 28 یان له‌ هێزه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌دن و ئه‌وانیتر له‌ خه‌ڵك و هێزه‌كانى ترى سووریاى دیموكراتن.

توركیا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ئۆپراسیۆنێكى سه‌ربازى بۆ سه‌ر  رۆژئاواى كوردستان ده‌كات و دوێنێش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمارى توركیا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ ئۆپراسیۆنه‌كانیان پاشگه‌ز نابنه‌وه‌، تا ئێستایش رووسیا و ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندییان بۆ ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ نه‌داوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین