ماڵپه‌ڕێكى ئه‌مریكى: نابێت ئه‌مریكا چاوه‌ڕوانی دۆستایه‌تى له‌ حكومه‌تى سوودانى بكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، “ئه‌مه‌ریكا نابێت چاوه‌ڕوانى دۆستایه‌تى زیاتر له‌ حكومه‌تى نوێى عێراق بكات، كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى میلیشیایان هه‌یه‌ و به‌ دوژمنایه‌تى به‌رده‌وامى ئه‌مریكایش ناسراون”.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31/ تشرینى یه‌كه‌م/2022 ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ په‌یوه‌ندى نێوان عێراق و ئه‌مریكا ده‌كات، له‌سه‌رده‌مى حكومه‌تى سوودانیدا، پێشبینى چاودێرانى سیاسى ده‌خاته‌ڕوو.

چاودێرانى سیاسى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، زۆربه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ حكومه‌تى عێراقییان پێكهێناوه‌ و خۆیان به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ناسێنن، به‌ دژایه‌تى به‌رده‌وامى ئه‌مریكا ناسراون، هه‌روه‌ها هه‌موویان لایه‌نى چه‌كدارییان هه‌یه‌ و نزیكن له‌ ئێران، بۆیه‌ له‌و كاته‌دا ناكرێت چاوه‌ڕوانى پێشكه‌وتنى عێراق و ئه‌مریكا له‌ سایه‌ى ئه‌و حزبانه‌ بكرێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ سوودانى چاوی به‌ ئه‌لینا رۆمانۆسكى باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌وتووه‌ و بۆ ئه‌و به‌رپرسه‌ دووپاتى له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندى نێوان عێراق و ئه‌مریكا كردووه‌. وه‌ك چۆن به‌رپرسانى ئه‌مریكا دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پشت له‌ عێراق ناكه‌ن، چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ عێراقیش ناتوانێ پشت له‌ ئه‌مریكا بكات، به‌ تایبه‌تى ده‌زانرێت له‌ رووى سه‌ربازى و ئه‌منییه‌وه‌ پێویستى به‌ ئه‌مریكایه‌.

رۆژى 27ى ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ى به‌ حكومه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى دا كه‌ كاندیدى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بوو، زۆربه‌ى لایه‌كانى ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌یش سه‌ربه‌ ئێرانن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین