به‌ ژینگه‌یش كێشه‌ى پارتى و یه‌كێتى چاره‌سه‌ر نابێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ده‌ڵێ، "هه‌ر چه‌نده‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ حكومه‌تى نوێى عێراق وه‌زاره‌تى ژینگه‌ى زیاد كردووه‌، به‌ڵام كێشه‌ى پارتى و یه‌كێتى هێشتا به‌رده‌وامه‌ و ناكۆكییه‌كانیان رێگه‌ناده‌ن كابینه‌ى سوودانى ته‌واو بێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31/ تشرینى یه‌كه‌م/2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ناكۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رێگه‌ناده‌ن كابینه‌كه‌ى محه‌مه‌د شیاع سوودانى ته‌واو بێت.

ئه‌و كابینه‌ كه‌ پێشتر ده‌بووایه‌ له‌ 22 وه‌زاره‌ت پێكبێت، ئێستا كراوه‌ به‌ 23 ، 21 وه‌زاره‌ت یه‌كلایى كراونەته‌وه‌، ته‌نیا دوو وه‌زاره‌ت ماوه‌ ئه‌وانیش پشكى كوردن و تا ئێستا دوو حزبه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌سه‌رى رێكنه‌كه‌وتوون.

سه‌رچاوه‌كان گوتوویانه‌ تا ئێستا ناكۆكییه‌كان به‌رده‌وامن، چونكه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌یه‌وێ هه‌ر دوو وه‌زاره‌ت "شاره‌وانى" و "ژینگه‌" بۆ ئه‌و بێت، كه‌چى یه‌كێتى داوا ده‌كات یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى پێبدرێت، به‌مه‌یش هه‌ردوو لا له‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى حكومه‌ت یه‌كسان ده‌بن، چونكه‌ پێشتریش هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌زاره‌تێكیان بردووه‌، ده‌ره‌وه‌ بۆ پارتى و دادیش بۆ یه‌كێتى.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات به‌گوێره‌ى رێكکه‌وتنى سیاسى پێشتر له‌ سێ وه‌زاره‌تى پشكى كورد، دووان بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌بوو، كه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى نه‌ده‌بوو، كه‌چى سوودانى هات ژینگه‌ى له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى جیاكرده‌وه‌، به‌مه‌یش پشكى كورد بوو به‌ چوار وه‌زاره‌ت. پارتى ده‌یه‌وێ سێ وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌و بێت، كه‌چى یه‌كێتى داواى دوو وه‌زاره‌ت ده‌كات. رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "پارتى ده‌یه‌وێ له‌م داوایه‌ى پشت به‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانى بهێنێ، كه‌ 31 كورسییه‌، كه‌چى یه‌كێتى ده‌یه‌وێ به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنى ستراتیژى كه‌ له‌ 2005 واژۆ كراوه‌، پۆسته‌كان به‌ نیوه‌یى دابه‌ش بكات.

27ى ئه‌م مانگه‌ له‌ په‌رله‌مان متمانه‌ به‌ حكومه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى درا. ئه‌مه‌یش دواى ساڵێك و 17 رۆژ له‌ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق. كه‌ دوو وه‌زاره‌ت بۆ كورد بوو، خالید شوانى وه‌زیرى داد و فوئاد حوسێن به‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ داندران.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین