په‌رله‌مانتارێكى پارتى: ناتوانین حكومه‌ت ناچار بكه‌ین به‌هاى دۆلار دابه‌زێنێ کوردستان- عێراق

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

له‌ كاتێكدا هه‌ڵمه‌تى په‌رله‌مانتاران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر دینار ده‌ستپێكردووه‌، شێروان دووبه‌ردانى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ عێراق كه‌ خۆیشى واژۆى له‌سه‌ر داواكه‌ى په‌رله‌مانتاران كردووه‌ ده‌ڵێ، "ناتوانین حكومه‌ت ناچار بكه‌ین".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/ تشرینى یه‌كه‌م/2022 به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق كراوه‌، 40 په‌رله‌مانتار داوا ده‌كه‌ن له‌ دانیشتنى داهاتوو بڕگه‌یه‌كى تایبه‌ت هه‌بێت تا تاوتوێى دابه‌زاندنى به‌هاى دۆلار بكرێت، یه‌كێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ كه‌ واژۆیان له‌سه‌ر داواكه‌ كردووه‌، شێروان دووبه‌ردانى په‌رله‌مانتارى پارتییه‌.

شێروان دووبه‌ردانى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت، دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رانى خه‌ڵك ئه‌م داوایه‌یان كردووه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ناتوانن فشار بۆ سه‌ر حكومه‌ت دروست بكه‌ن و ناچارى بكه‌ن، شێروان دووبه‌ردانى ده‌ڵێ، "ئەوە سیاسەتی عێراقە، سیاسەتی بانکی مەرکەزی عێراقە بڕیار بڕیاری ئەوانە، ئێمە وەکو نوێنەری گەلی عێراق، داوا دەکەین لە حکومەت دۆلار دابەزێنێت، حکومەتیش بە دڵنییاییەوە کۆبونەوە دەکات، دوای داواکردنە، داواکردنەکەش مولەزەم نییە بۆ حکومەت، سیاسەتی دارایی عێراق بە دەستی حکومەتە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى باس له‌وه‌ ده‌كات پێشتریش هه‌وڵى له‌م شێوه‌یه‌ دراوه‌، به‌ڵام ئه‌نجامى نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت جارێكیان 150په‌رله‌مانتار داوایان كرد بوو.  له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى شێروان دووبه‌ردانى گوتى، “ئێمە دەسەڵاتمان لەسەر حکومەت نییە لەسەر ئەم بابەتە، ئێمە تەنیا وەکو پەرلەمان هەوڵمانداوە هەر شتێک لە بەرژەوەندی گەلی عێراق بێت ئەوە ئەرکی خۆمانە واژۆی لەسەر دەکەین”.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین