سه‌رۆك وه‌زیرانێكى پێشووى عێراق: خۆپیشانده‌ران دێنه‌ ماڵه‌كانمان و په‌لكێشمان ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محه‌مه‌د عه‌لاوى كه‌ پێشتر كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى عێراق بوو، هۆشداریى ده‌دات له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بارودۆخى عێراق به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانێكى پێشووى پێشبینى كردووه‌، خۆپیشانده‌ران هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵى به‌رپرسان و له‌ شه‌قامه‌كان په‌لكێشیان ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/ تشرینى یه‌كه‌م/ 2022 محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى كه‌ پێشتر وه‌زیرى په‌یوه‌ندییه‌كان بوو له‌ عێراق و به‌ر له‌ مسته‌فا كازمى كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت بوو، به‌ڵام متمانه‌ى به‌ده‌ست نه‌هێنا، له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هۆشدارى له‌ به‌رده‌وامبوونى بارودۆخى ئێستاى عێراق ده‌دات".

عه‌لاوى باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رپرسانى ئێستای عێراق ته‌نیا به‌دواى به‌رژوه‌ندى خۆیان و حزبه‌كانیانن، بۆیه‌ ئه‌و پێشبینییه‌ دێتەدی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێكى پێشوو پێى راگه‌یاندووه‌. عه‌لاوى ناوى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ نابات و ده‌ڵێ، "له‌وه‌ ده‌ترسم ئه‌و پێشبینیه‌ بێته‌دى كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانى پێشوو پێى گوتم ئه‌گه‌ر بارودۆخ ئه‌وها بێت ئه‌وا خۆپیشانده‌ران دێنه‌ ناو ماڵه‌كانمان له‌ ناوچه‌ى سه‌وز و له‌ شه‌قامه‌كان په‌لكێشمان ده‌كه‌ن".

ساڵێك و 14 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق تێپه‌ڕیوه‌، كه‌چى تا ئێستا حكومه‌تى نوێ پێكنه‌هاتووه‌، ئه‌مه‌یش پرۆسه‌ى كارگێڕى ده‌وڵه‌ت و ئابووریى عێراقى خستووه‌ته‌ بازنه‌ى مه‌ترسییه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین