په‌رله‌مانتاران داوا ده‌كه‌ن کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

40 په‌رله‌مانتار واژوویان له‌سه‌ر داواكارییه‌ك كردووه‌، كه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق كراوه‌، داوا ده‌كرێت نرخى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار به‌ره‌ به‌ره‌ نزم بكرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/ تشرینى یه‌كه‌م/ 2022  به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌ میدیاكانى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت حه‌مید شبلاوى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى عێراق داواى كردووه‌، بڕگه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینارى عێراقى بخرێته‌ كارنامه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌.

له‌ داواكارییه‌كه‌ هاتووه‌، "به‌ تێڕوانین بۆ لێكه‌وته‌كانى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار، كه‌ كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى به‌سه‌ر بارودۆخى دارایى خێزانى عێراق هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تى ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى داهاتیان سنوورداره‌، ئێمه‌ ئه‌ندامانه‌ى له‌خواره‌وه‌ واژوومان كردووه‌، داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌كه‌ین بڕگه‌ی دابه‌زینى به‌هاى دۆلار و گێڕانه‌وه‌ى به‌ شێوه‌ى به‌ره‌به‌ره‌یى بۆ نرخى جاران، بخرێته‌ كارنامه‌ى دانیشتنى داهاتوو وه‌ك خزمه‌تێك بۆ به‌رژوه‌ندى گشتى".

تا ئێستا 40 په‌رله‌مانتار واژوویان له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ كردووه‌. له‌كۆتایى ساڵى 2020 حكومه‌تى عێراق بڕیارى دا نرخى دۆلار له‌ به‌رانبه‌ر دینار به‌رز بكاته‌وه‌، پێشتر كه‌ دۆلارێك به‌ هه‌زار و 200 دینار بوو، بۆ هه‌زار و 480 دینار به‌رزكرایه‌وه‌. ئه‌مه‌یش وه‌ك یه‌كێك له‌ چاره‌سه‌رییه‌كان بوو بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌یرانى دارایى كه‌ ئه‌و كات تووشى عێراق ببوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین