بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ر وه‌زاره‌تێكى سیادى 15 خاڵ دانراوه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ڵێ بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ر وه‌زاره‌تێكى سیادى له‌ حكومه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى 15 خاڵ دانراوه‌، نووسینگه‌ى سوودانیش ده‌ڵێ، "دیدار له‌گه‌ڵ كاندیده‌كان به‌رده‌وامه‌".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23/تشرینى یه‌كه‌م/ 2022 محه‌مه‌د به‌لداوى به‌رپرس له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "بۆ به‌ده‌ستهێنانى وه‌زاره‌تێكى سیادى له‌ حكومه‌تى سوودانى 15 خاڵ دانراوه‌، كه‌چى بۆ وه‌زاره‌تێكى خزمه‌تگوزارى ته‌نیا پێنج خاڵه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ روونى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، پێوه‌رى دانانى خاڵ چییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت گوتویه‌تى هێشتا كات ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دانیشتنێك بۆ ده‌نگدان به‌ كابینى سوودانى له‌ په‌رله‌مان رێكبخرێت.

وه‌زاره‌ته‌كانى دارایى و نه‌وت و ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆ و به‌رگرى به‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كان ناوده‌برێن. دوێنێ به‌رپرسانى سیاسى ئاشكرایان كرد كه‌ توندترین ململانێ له‌سه‌ر به‌ده‌سهێنانى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ نووسینگه‌ى محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێدراو روونكردنه‌وه‌ى داوه‌ و ئاشكراى كردووه‌، لیژنه‌یه‌كى راوێژكاران به‌ سه‌رۆكایه‌تى سوودانى دیدار له‌گه‌ڵ كاندیده‌كان ده‌كه‌ن. محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ 13ى ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆمارى عێراق راسپێدراوه‌، بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و به‌گوێره‌ى ده‌ستوور مانگێك ده‌رفه‌تى له‌به‌رده‌مدایه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین