له‌ حكومه‌تى نوێى عێراق ته‌نیا چوار وەزارەت به‌ كورد ده‌درێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ ئاشكراى كردووه‌، حكومه‌تى نوێى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى محەمەد شیاع سوودانى له‌ 22 یان 24 وه‌زاره‌ت پێكدێت و له‌م ژماره‌یه‌ ته‌نیا چوار كورسى بۆ پارتى و یه‌كێتى ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/ تشرینى یه‌كه‌م/ 2022 سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز هه‌ندێك له‌ زانیارییه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تى ئاشكراكردووه‌ و گوتوویه‌تى، "حكومه‌ته‌كه‌ له‌ 22 یان 24 وه‌زاره‌ت پێكدێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ باسى دابه‌شكردنێكى سه‌ره‌تایى وه‌زاره‌ته‌كانى كردووه‌، گوایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت: شه‌ش وه‌زاره‌ت بۆ پێكهاته‌ى سوننه‌، چوار بۆ هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى و خه‌میس خه‌نجه‌ر، دوو وه‌زاره‌تیش بۆ هاوپه‌یمانى عه‌زم به‌ سه‌رۆكایه‌تى موسه‌نا سامه‌رایى . چوار وه‌زاره‌تیش بۆ كورد ده‌بێت سێ بۆ پارتى دیموكراتى كوردستان و وه‌زاره‌تێكیش بۆ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان.

پێكهاته‌ى شیعه‌ 12 وه‌زاره‌تى ده‌بێت ، چوار بۆ ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ نوورى مالیكى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، شه‌ش وه‌زاره‌تیش بۆ هاوپه‌یمانى فه‌تح، دوو وه‌زاره‌ت بۆ سه‌ربه‌خۆكان. وه‌زاره‌تێكیش بۆ پێكهاته‌ى مه‌سیحییه‌كان و وه‌زاره‌تێكیش بۆ توركمان، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر كابینه‌كه‌ 24 وه‌زاره‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر 22 وه‌زاره‌ت بێت ئه‌وا پێكهاته‌ى مه‌سیحى و توركمان له‌ دوو كورسى پێكهاته‌ى شیعه‌ ده‌به‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ دووپاتیشى كردووه‌ته‌وه‌، تا ئێستا گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌ و به‌ڵام هیچ وه‌زاره‌تێك یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

 رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو 13/ تشرینى یه‌كه‌م، له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆمارى تازه‌ هه‌ڵبژێردراوى عێراق، محه‌مه‌د شیاع سوودانى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راسپارد، به‌گوێره‌ى ده‌ستوور ده‌بێت له‌ ماوه‌ى مانگێك پێكهاته‌ى حكومه‌تى نوێ ئاماده‌ بكرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین