د.سەعيد ئەلحاج: له دوای ههڵبژاردنهكانیش پهیوهندی نێوان ههرێمی كوردستان و توركیا بهردهوام دهبێت
ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت:
نوچەنێت: هەڵبژاردنی داهاتوو، هەڵبژاردنێكی گرنگە، ئەو كارتانە چین پارتی دادوگەشەپێدان بۆ سەركەوتنی خۆی ئامادەی كردووە؟
د. سەعيد ئەلحاج: بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پارتی دادوگەشەپێدان چەندین كارتی لەبەردەستە، لەسەرووی هەموویانەوە ئەو دەستكەوتانەی لە ماوەی (20) ساڵی ڕابردوو حكومڕانی بەدەستى هێناوە و پێشكەشى كۆمەڵگەى توركى كردووە، جگە لەوەش هەندێك لە چینەكانی كۆمەڵگە مەترسیان لە جێگرەوەكەی ئاكپارتى هەیە، بەتايبەت پارتی گەلی كۆماری، كە ركابەرێكی بەرێكی سەرەكی ئاكپارتییە. لەپاڵ ئەو دەستكەوتانەشدا ئەردۆغان سەرۆكێكە خاوەنی ئەزموون و توانای سەركردایەتی و كاریزماییە، جگە لەوانەی لەپێشەوە باسم كرد، رێكنەكەوتنی ئۆپۆزیسیۆن، كارتێكە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی كارتەكانی پارتی فەرمانڕەوا.
هاوپەيمانى هەدەپە لەگەڵ پارتە چەپەكان كاريگەرى لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت
خاڵێكى تر تا كاتى هەڵبژاردنەكان ئاكپارتی بۆ باشكردنی ئابووریى توركيا گرەو لەسەر توانای خۆی دەكات، بەتایبەتیش ئەو بابەتانەى كە كاریگەری لەسەر بژێو و ژیانی رۆژانەى خەڵك هەیە، وەك گرانی نرخى كاڵاكان، هەڵاوسان، بۆ ئەوانەش ئەردۆغان بەڵێنی داوە لە مانگەكانی سەرەتای ساڵی نوێ رێژەی هەڵاوسان دابەزێنێت.
نوچەنێت: هەندێك لە چاودێران پێیانوایە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی حكومەتی توركیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەشێكە لە ستراتیژیەتیی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئایا حكومەتی توركیا لەو ئاساییكردنەوە ئەوەی دەستكەوتووە كە دەیویست؟
د.سەعيد ئەلحاج: سەبارەت بە ئاسایيكردنەوەی پەیوەندیی توركیا لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە چەندین هۆكار هەیە، لەپێش هەموویانەوە كەمكردنەوەی ئەو فشارانەی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی توركیا هەبوو، هەروەها ڕاكێشانی وەبەرهێنان و پاڵپشتی ئابوورى، جگە لەمانەش پاشەكشەی بایەخی ئەمەریكا بە دۆسیەكانی ئەو ناوچەیە و داخستنی لاپەڕەی شۆڕشەكانی بەهارى عەرەبى زۆربەی وڵاتان كە هۆكاری سەرەكی بوو بۆ جەمسەرگیری ئەو ناوچەیە، تا ئەم چركەساتە ناكرێت بڵێین، توركیا ئەوەی ویستوویەتی بەدەستی هێناوە، بەڵام ئەو هیوایەی هەبووە و هەوڵیشی بۆ داوە، بەتایبەت لە دۆسیەی لیبیا سەركەوتوو بووە، هەروەها لەسەر ئاستی سیاسی و ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانی كەنداو لەسەر ئاستی ئابووری و وەبەرهێنان هەوڵیداوە دەستكەوتەكان بەدەست بهێنێت.
نوچەنێت: بزووتنەوەی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گولەن، تا ئێستا رایانگەیاندووە پاڵپشتى كام هاوپەیمانی دەكەن، بە بۆچوونی تۆ دەنگ بە كام هاوپەیمانی دەدەن؟
د.سەعید ئەلحاج: لە توركیا لایەنگرانی گولەن ئەو قورسایەیان لە هەڵبژاردنی راستەقینە نەماوە، بۆیە راگەیاندنی پاڵپشتیان بۆ هەر لایەنێك دەبێتە فاكتەرێكی نەرێنی، نەك پاڵپشتی بۆ ئەو لايەنانە.
نوچەنێت: دوای ئەوەی ئاكپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئیستەنبۆڵی لە دەستدا، ئایا لە هەڵبژاردنە گشتییەكان ئەو شكستە دووبارە دەبێتەوە، چونكە هەندێك لە شارەزایانی سیاسی پێیانوایە هاوكێشەیەك لە توركيا هەیە، هەر لایەنیك شارەوانی ئیستەنبۆڵی لەدەستدا، لە هەڵبژاردنە گشتییەكان شكست دەهێنێت؟
د.سەعيد ئەلحاج: مەرج نییە ئەو هاوكێشەیە ڕاست بێت، چونكە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان زۆر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی جیاوازە، ئەو قسە بەناوبانگە بەو ڕەهایيە نییە، بەڵكو لەبەر بایەخ و گرنگی پێگەی شارێكی گەورەی وەك ئیستەنبۆڵە، سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەستەمە ئێستا پێشبینی بكرێت.
توركیا لە زەمەنی دەسەڵاتی ئاكپارتی زۆر پێشكەوتووە، ئەگەر لەو هەڵبژاردنە شكستی هێنا، ئایا ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دەتوانێت پارێزگاری لەو دەستكەوتانە بكات، بەتایبەت كە رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆڵی سەرەكی لە بەدەستهێنانی ئەو دەستكەوتانە هەبووە؟
لە توركيا لايەنگرانى فەتحوڵا گولەن كاريگەرييان نەماوە
د.سەعيد ئەلحاج: توركیا لە ساڵی (2018) بە سیستەمی سەرۆكايەتى بەڕێوە دەچێت، دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار فراوانن، بۆیە ئەو كەسەی بۆ سەرۆكى تورکیا هەڵدەبژێردرێت و سەردەكەوێت، دەتوانێت گۆڕانكاری زۆر لە وڵات و ئاڕاستەكانی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی بكات، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت سەرۆكی داهاتوو پاشەكشە لە دەستكەوتەكانی سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی ئاسایشی وڵاتەكەی بكات، بەتایبەتیش ئەو بابەتانەى زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا دەگەینن.
نوچەنێت: داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان لە چوارچێوەی شەش پارتەكەن، ئەوانە پێشتر بەشێك بوون لە سیاسەتی ئاكپارتی، هەردووکیان خاوەن پاشخانێكی ئیسلامین، بەڵام ئێستا دەیانەوێت لەگەڵ پارتی گەلی كۆماری هاوپەیمانی دروست بكەن، چۆن دەتوانن ئەو هاوسەنگییە لەنێوان رابردوو و ئێستايان رابگرن، ئایا لەگەڵ پارتەكانی تر بەریەك ناكەون؟
د.سەعيد ئەلحاج: ئەو دوو پارتە لەگەڵ پارتی گەلی كۆماری و پارتەكانی تر لەسەر رەتكردنەوەی سیستەمی سەرۆكایەتی و خواست بۆ گەڕانەوەی سیستەمی پەرلەمانی رێككەوتوون، ئەوان ئەندامن لە مێزە شەش كەسیەكە، كە ئەو پارتانەی لەسەر ئەو دیدگایە كۆكردۆتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە ئەو مێزە شەش كەسیە نەبێتە هاوپەیمانیەك بۆ هەڵبژاردنێكی تەواو، چونكە ناكۆكی لەنێوان پارتی گەلی كۆماری و ئەو دوو پارتە هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بیرۆكەی هەماهەنگی لەگەڵ پارتی گەلی كۆماری كە ركابەرێكی كلاسیكی ئەو دوو حزبەیە، بۆ لایەنگرانی ئەو دوو پارتە هەڵوێستێكی ناخۆشە.
نوچەنێت: پاشخانی فیكری كاریگەریی گەورەی لەسەر هەڵبژاردنەكان هەیە، لەو چەند مانگەی رابردوو باس لە عەبدوڵڵا گول، سەرۆكى پێشووى توركيا وەك كاندید بۆ ركابەری ئەردۆغان دەكرا، ئەگەر بڕیاری دا خۆی كاندید بكات چۆن دەتوانێت لەگەڵ پارتی باشە و پارتی گەلی كۆماری رێككەوێت؟
د.سەعيد ئەلحاج: تا ئێستا عەبدوڵا گول، یەكێكە لە كەسایەتییە سیاسیە بەهێزەكانی توركیا، بۆیە ناوی وەك كاندیدێكی بەهێز كە توانای كێبڕكێی لەگەڵ ئەردۆغان هەيە، ئەگەريش هەيە بەسەر ئەردۆغان سەربكەوێت، بەڵام بە دوور دەزاندرێت شەش پارتەكە لەسەر گول رێكبكەون، چونكە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ خواستی ئەوەی هەیە خۆی كاندید بكات، بەڵام تا ئێستا ئەگەر هەیە، هەندێك لە پارتەكانی وەك پارتی سعادەت، یاخود پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان عەبدوڵڵا گول كاندید بكەن.
نوچەنێت: تا چەند سەركەوتنە سەربازییەكانی توركیا لە لیبیا و كەرەباغ كاریگەری لەسەر سەركەوتنی ئاكپارتی و خودی سەرۆك كۆماری توركیا دەبێت؟
د.سەعيد ئەلحاج: هەموو دەستەكەوێت بۆ توركیا سیاسی بێت یا ديپلۆماسی، باڵانسی ئەردۆغان و ئاكپارتی زیاد دەكات، سەركەوتنی ئازەربایجان لە شەڕی كەرەباغ بەسەر ئەرمینیا نموونەیەكە لەسەر ئەو بابەتە.
عەبدوڵا گول يەكێكە لە كەساتييە بەهێزەكانى توركيا
نوچەنێت: پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی توركیا لەسەردەمی ئاكپارتی بەهۆی راپرسی هەرێمی كوردستان هەندێك ئاڵۆزی تێكەوت، لەدوای هەڵبژاردنەكان ئاكپارتی سەركەوێت، یاخود شكست بهێنێت ئەو پەيوەندييانە بەرەو چ ئاڕاستەيەك دەڕوات؟
د.سەعيد ئەلحاج: چاوەڕوان دەكرێت ئەو پەیوەندییە باشەى لە هەردوولاوە هەيە لەدوای هەڵبژاردنیش بەردەوام بێت، چونكە لەلایەك توركیا دەرگايەكى گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، لەلایەكی ترەوە هەڵوێستی هەرێم لە ڕووی سیاسیەوە دژ بە پارتی كرێكارانى كوردستانە ئەوەش بۆ توركیا زۆر گرنگە، بەگوێرەی دیدی خۆم و چاودێریكردنم ئاڵۆزییەكانی دوای راپرسی زۆر پاشەكشەی كردووە، پەیوەندییەكان بەرەو ئاساییبوونەوە چووە.
نوچەنێت: هاوپەیمانی سێیەم بە سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەگەڵ پارتە چەپەكانی تری توركیا كاریگەری لەسەر پەرش و بڵاوكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەبێت؟
د. سەعید ئەلحاج: بە دڵنیاییەوە زۆری ژمارەی پارت و هاوپەیمانییەكان كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەبێت، ئەوەش دەكرێت بگوترێت دەچێتە بەرژەوەندی ئاكپارتی و هاوپەیمانی جمهور، بەڵام زۆری پارتەكان و هاوپەیمانییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوودی بۆ پارتەكانى تر زیاترە، بەتایبەت ئەگەر لە گەڕی یەكەم هەڵبژاردن یەكلا نەكرێتەوە ئەوا هەڵبژاردن دەكەوێتەوە گەڕى دووەم، ئەو كاتە دەنگی پارتەكان لە بەرژەوەندی كاندیدی ركابەری ئەردۆغان دەبێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment