راپۆرتێكى ئه‌مریكى: واشنتن و تاران عێراقییان كرده‌ گرێى ئه‌سكه‌نده‌ر عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى مۆدرن دیپلۆماسى ئه‌مریكى ده‌ڵێ، ئه‌مریكا و ئێران عێراقیان كردووەتە كێشه‌یه‌كى ئاڵۆز، یه‌كه‌میان به‌ ده‌ستوور و ئه‌ویتریشیان به‌ میلیشیاكان، ئه‌م وڵاته‌یان كردووه‌ته‌ گرێ كوێره‌ى ئه‌سكه‌نده‌رى مه‌كدۆنى.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سێى تشرینى یه‌كه‌مى 2022 ماڵپه‌ڕى مۆدرن دیپلۆماسى ئه‌مریكى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌ زه‌حمه‌تى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق ده‌كات، ئه‌م راپۆرته‌ پێیوایه‌ عێراق له‌دواى 2003 كه‌وتووه‌ته‌ ته‌ڵه‌ى ئه‌مریكا و ئێران، هه‌ردووكیان به‌ هاوبه‌شى ئه‌م وڵاته‌یان كردووه‌ته‌ گرێ كوێره‌ى ئه‌سكه‌نده‌رى مه‌كدۆنى.

راپۆرته‌كه‌ پێیوایه‌ ئێران به‌ میلیشیاكان و ئه‌مریكایش به‌ دانانى ده‌ستوور، كێشه‌كانى عێراقییان ئاڵۆزكردووه‌، بۆیه‌ ئێستا به‌م بارودۆخه‌ گه‌یشتووه‌. چاره‌سه‌رى گونجاویش به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆببنه‌وه‌ و دوور له‌ تایفه‌گه‌رى و پشتبه‌ستن به‌ وڵاتانى بیانى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانیان بكه‌ن.

 Gordian Knot  به‌ گرێى گۆردنى ناوده‌برێت، بۆ ئه‌فسانه‌یه‌كى گریكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گوایه‌ له‌سه‌رده‌مى ئه‌سكه‌نده‌ر بووه‌، ئه‌م زاراوه‌یه‌ بۆ كێشه‌ى زۆر ئاڵۆز و مه‌حاڵ به‌كارده‌هێنرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین