مێژووی خەبات و رێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان لە کوردستان دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت

نوچەنێت

ئەگەرچی ژنی کورد کاراکتەرێکی زیندووی مێژووە، بەڵام وەکو پێویست ئاماژە بە رۆڵ و پێگە و کارەکانی نەکراوە. ئەمەش لەبەرئەوەی، لە کلتوری باوی ناوچەکەدا ژن زیاتر وەکو جەستە بینراوە، نەک عەقڵ و ئاوەز. بۆیەش دەبینین ئەوەندەی باسی جەستەی دەکرێت، لەسەر جەستە دەکوژرێت، گۆرانی بەسەر جەستەیدا دەگوترێت، جەستەی بابەتی شەڕ و ئاشتییە، خۆ ئەوەندە باس لە رۆڵ و کاریگەرییەکانی لە مێژووەوە تا ئێستا نەکراوە!

لە کاتێکدا، هیچ قۆناغێکی مێژوودا لە گۆڕەپانی کار، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، بەبێ رۆڵی ژن نەگوزەراوە. کۆمەڵێک ژنی ناوداری مێژوو هەن، کە ناویان لە لاپەڕە دیارەکانی مێژوودا هەیە و نەخش و رۆڵیان دیار و جێگەی ستایش و پیاهەڵدانی رۆژهەڵاتناسان و نەتەوەکانی دیکە بوون. بۆیەش بۆ خوێندنەوە زانینی ژنە پاڵەوانەکانی مێژووی کورد، دەبێ سود لە توێژینەوە و سەرنجی زانا و رۆژهەڵاتناسان بدەین.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو ئافرەتانەی، کە ناویان دیارە لە مێژوودا، جگە لە کاری کۆمەڵایەتی و پەروەردە، بایەخیان بەبواری سیاسیش داوە. ئەو ئافرەتانەش، کە لە بواری سیاسیدا دیاربوون، بایەخیان بە بواری پەروەردە و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیش داوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە لە پاڵ هەرکارێکدا ئاوەزیان لەسەر ئەڵقەی پەیوەندی نێوان کایەکانی کۆمەڵگە بووە و پێیانوابووە، کە بەبێ پێشکەوتن لە بواریی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری لە گۆڕەپانی سیاسەتیشدا سەرکەوتوو نابن.

بۆیە کاتێک خانزادی میری سۆران، دەسەڵاتی عەشیرەت دەگرێتە ئەستۆ، چەندین قوتابخانە و حوجرەش دەکاتەوە. کاتێک مینا خانمی قازی، لەگەڵ خانمە هاوڕێکانیدا خەباتی سیاسی دەکات، بایەخ بە خەباتی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریش دەدات. کاتێک حەپسەخان وەکو ژنێکی سیاسی دەردەکەوێت، یەکێک لە خانووەکانی خۆی دەدات بە پەروەردەی سلێمانی، بۆ ئەوەی بکرێت بە قوتابخانە. راستە ناهیدەی شێخ سەلام، ژنێکی سیاسی بووە، بەڵام ژنانی هانداوە بۆ چوونە بەرخوێندن.

سەرباری ئەو قۆناغ و دەرفەتانە، ئەگەر ژن رۆڵی یەکسەری نەبینیبێت، ئەوە لە بواری خواردن و کاروباری برینپێچی و هاوکاری لە ماڵ و لە دەرەوە، بەشداری خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد بوون. خۆ هەر لە مێژووی خەبات و شۆڕشەکانی کورد دا، لەسەر ماڵ و گوندەکان پێشمەرگە حەوایەوە و دەرمانسازی بۆ بریندارەکان کراوە. هەر بەخێوکردنی منداڵان پاڵپشتییەکی گەورە بوو، بۆ خەبات و شۆڕشەکان کورد.

بێکەسی شاعیر لە شعرێکدا دەڵێت: نەسرین دەمێکە، داخت لە دڵمە. گیرۆدەی بەندی ژیانت زوڵمە. وا من پێت ئەڵێم، چونکە لەسەرمە. هەستە تێبکۆشە تا خوێنت گەرمە. سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە. کەواتە پیاوانی رۆشنبیر و ئازادیخوازیش هەبوون کە هاندەری ژنان بوون بۆ هاتنە دەرەوە لە ماڵەوە و خەباتی ژنانیش لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

شۆرشی پێشەسازی یەکەم، لە سەدەی هەژدە بووە/ لە نێوان ساڵەکانی 1760 ــ 1830 بووە. هەر گۆڕانکارییەک لە ئەوروپا هاتووەتە دی، بەهۆی سێ فاکتەرەوە بووە، ریفۆرمی ئایینی، شەپۆلی دیموکراتی و شارستانی و سێیەم شۆرشی پێشەسازی. بۆیە گۆڕانکاری بنەڕەتی وێڕای خەباتی بەردەوام، چ وەکو بزووتنەوەی نەتەوەیی و چ وەکو خەباتی ژنان، بەبێ ئەم ریفۆرمانە نایەتە دی.

 

ژنانی کورد لە شۆڕشەکاندا
 

ئەگەرچی ژن بەشداری کارا و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد دا هەبووە و هەیە، بایەخی ئەوتۆ بە نوسینەوەی لە مێژووی کۆن و نوێدا پێنەدراوە. ئەوەش کە نوسراوە و هەیە، بەشێکی بە دەستی رۆژهەڵاتناسان و کەسانی بیانییە، بۆیە ئەو سەرچاوانە کەمن، کە باس لە خەبات و رۆڵی سیاسی ئافرەتی کورد دەکات.

بێگومان ئەمەش بۆ زاڵبوونی نەریت و عەقڵیەتی باو لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو ژنانەش کە راستەوخۆ بەشداری شۆڕشەکان نەبوون ئەوان بواریان بۆ پیاوانی خێزانەکانیان رەخساندووە کە بڕۆنە گۆڕەپانی شۆڕش، چونکە هەر پیاوێک رۆیشتووەتە ریزی ئەم بزووتنەوەیە، ژنانی خێزانەکان ئەرکی بەخێوکردنیی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵیان گرتووەتە ئەستۆ. 

لێرەدا هەوڵ دەدەم ناو و خەباتی بەشێک لەو ژنانە بنوسمەوە، کە بەشداری شۆڕشەکان بوون، بەو هیوایەی لە داهاتوودا ببێت بە یەکێک لەو سەرچاوانەی کە بایەخیی بە خەباتی ژنانی کورد لە مێژوودا داوە.

پلوتارک، مێژوونوسی گریکی-رۆمانی، دەڵێت: خەڵکی خۆجێی لە کوردستانی باکور و رۆژئاوادا، لە سەدەی یەکەمی پێش زاییندا لە دژی هێزە پەلاماردەرەکانی رۆمان بەرگرییان لە خۆیان کردووە. جەختی لە هەبوونی ژنانی شەڕکەر کردووەوتەوە، کە ژنانێک هەبوون مەشقی بەکارهێنانی چەکیان کردووە و ئامادەبوون بۆ جەنگ.

هەروەها نوسیویەتی: هاوسەری میتریداتسی شای کوردی پۆنتیان، جلوبەرگێکی تەقلیدی رەنگاورەنگی کوردی لەبەربووە. خۆنیشاندانێکی بێوێنەی پاڵەوانێتی سەربازی کردووە بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتی گەمارۆدراوی پۆنتیان لە لایەن پۆمپی ژەنەڕاڵی رۆمانییەوە.(١)

بەڵگەی پاڵەوانێتی سەربازی ئافرەتان لە کوردستان، زۆر کۆنترە لە تۆمارگە نوسراوەکان. لە گۆڕە دوانزە هەزار ساڵییە کۆنەکانی شانەدەر لە کوردستانی ناوەڕاست، تاکە ئارایشتێکی دۆزراوەی نێژراو لەگەڵ زۆربەی ئێسکە پەیکەرە مێینەکان بریتیبوو لە چەقۆی جوان نەخشێنراو. 

لە شەڕی قەڵای دم دم، لەشکری ژنانشانبەشانی لەشکری پیاوان بە درێژایی ماوەی شەڕەکە بەرگرییەکی بێوێنەیان لە شوراکان و سەرچاوە گرنگەکانی ناو قەڵادا کرد. رۆڵێکی قارەمانانەیان لە رووبەرووبوونەوەی لەشکری قزڵباش و شا عەباسدا گێڕا.

 

حەپسەخانی نەقیب 

حەپسەخانی نەقیب

وێڕای ئەوەی لە بواری چالاکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا رۆڵی هەبووە، لە بەرامبەر کێشەی کوردیشدا خۆی بە بەرپرسیار زانیوە، بۆیە پشتیوانی تەواوی لە حوکمڕانی کورد لە سلێمانی کردووە. هەروەها لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، کە لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، هاوکاری بۆ مینا خانمی خێزانی قازیی محەمەد و خانمانی هاوخەباتی ناردووە، بەمەبەستی هاندان و پشتگیریکردنی خەباتی ئەوان.

حەپسەخان، ئامۆزای مەلیک مەحمود و خێزانی شێخ قادری برای مەلیک مەحمود بووە. هەروەها خوشکی ئایشەخانی خێزانی مەلیک مەحمود بووە. حەپسەخان رۆڵی لە پێشکەوتنی ژنی کورد دا بە گشتی و ژنی سلێمانی بە تایبەتی هەبووە. هوشیاری سیاسی هەبووە و نامەکەی بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان کە تێیدا داوای مافی گەلی کوردی کردووە، گەواهی ئەم هوشیارییەن. 

 

نەعیمە مستەفا

ژنێکی سەر بە هۆزی دەلۆ بووە. لە سەردەمی شۆڕشی ئیبراهیم خانی دەلۆ لە کفری، دژی داگیرکارانی ئینگلیز، رۆڵی قارەمانانەی نەعیمە دەگێڕدرێتەوە، کە تاقە سواری ژن بووە لە ناو جەنگاوەرەکاندا. ئەو ژنە بەهۆی ئەوەی ژن لە ناو سوپا و جەنگەکاندا زۆر کەم بووە، نازناوی (نەعە نێر)یان پێداوە.

 

خەدیجە مستەفا

خەدیجە مستەفا ناسراو بە (فریشتە) ژنێکی لێهاتووی خەڵکی شاری کۆیە-یە. لەگەڵ وەفدەکانی ژنانی عیراق چووتە چین، کۆریا، ڤێتنام و یەکێتی سۆڤیەت. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باسی ستەمدیدەیی گەلی کوردی کردووە و شعری خوێندووەتەوە. 

 

لەیلا قاسم 

كچە كوردی خەباتگێر و بووكی كوردستان شەهید لەیلا قاسم 1953 ...
لەیلا قاسم

کچیکی گەنجی خەڵکی شاری خانەقین بووە. یەکەم ژنە کە لە عیراق لە سێدارە درابێت. لە ساڵی ١٩٥٢ لە دایکبووەو لە ساڵی ١٩٧٤ لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە سێدارە دراوە.

لە زانکۆی بەغدا قوتابی بووە و لە ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. کاتێک لە زانکۆ بووە، رۆڵی گرنگ و بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی هوشیاری نەتەوەیی هەبووە. لە سێدارەدانەکەشی بووەتە هەوێن و پاڵپشتی بەردەوامی خەبات و چەندین شعر و بابەتی ئەدەبی لەسەر نوسراوە و تا ئێستا بە شانازییەوە ناوی دەهێنرێت.

 

ئایشەگوڵ

ئایشە گوڵ (ئایشە گرۆکە) ژنێکی شۆڕشگێڕی خەڵکی شاری کۆیە بووە. رۆڵی بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی هوشیاری نەتەوەیی و خەباتی ناوشاردا هەبووە. کەریم ئەحمەد، سکرتێری کۆچکردووی حزبی شیوعی کوردستان دەڵێت "لەو سەردەمەدا کەم ژن ئەم لێهاتوویی و توانایەی هەبووە، ئەو بەشداری لە زۆربەی خۆپیشاندانەکاندا کردووە، کە ئەو دەم دژی بێ مافی و برسێتی دەکران، رۆڵی گرنگی لە گەیاندنی پەیامەکانی شاخ بۆ شار هەبووە. 

کوردیپێدیا - عائیشە قادر یونس - ئایشە گوڵ
ئایشە گوڵ

 (ئایشه‌گوڵ) ناوی راسته‌قینیه‌ی (ئایشه‌ قادر یونس) ناوی دایکی ( ئامینه‌ محمود) له‌ (1/7/1931) له‌ شاری کۆیه‌ له ‌دایک بووه‌. له ‌ساڵى (1947) ژیانی هاوسه‌ری پیکهێناوه‌ له‌گه‌ڵ (محمدامین عبدڵله‌همزه‌) که ‌له ‌ماوه‌ی ژیانیاندا دەبێتە دایکی سێ کچ و پێنج کوڕ.

تێکۆشه‌ری ماندوو نه‌ناس ئایشه‌گور ژنێکی ئازا و چاونه‌ترسی (حیزبی شیوعى) بووه، خاوەنی دوو کوری شەهیدە، ئایشه‌ گوڵ له‌کاتی ئه‌نجامدانی کارێکی نهێنی حیزبی شیوعی له‌ ناو شاری هه‌ولێر، له‌(16/4/1987) له‌لایه‌ن ده‌ستگاکانی رژێمی به‌عس ده‌ستگیر ده‌کرێت.

ئایشه‌ گوڵ، پۆست هه‌ڵگری نێوان شاخ و شاری حزبەکەی بوو، دوا پله‌شی، به‌رپرسی کۆمیته‌یی یه‌کێتی ئافره‌تانی حیزبی شیوعی/ لقى کۆیه‌ بووە.

 

ناهیدە شێخ سەلام 

ناهیدە شێخ سەلام

کچی گەورەی شێخ سەلامی شێخ ئەحمەدە، لە ساڵی ١٩٢٢ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆچیدواییکردووە.

لە تەمەنی لاوییەوە تێکەڵی کاری سیاسی بووە، وێڕای ئەوەی رۆڵی لە هاندانی ئافرەتان بە چوونە بەر خوێندن و بەشدای لە کایەکانی ژیان هەبووە.

ئەندامێکی کاراو بەرچاوی حزبی هیوا بووە. رۆڵی بەرچاوی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەبووە، یەکەم ئافرەت بووە گەیشتووەتە پلەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لەم حزبەدا. بەهۆی چالاکی سیاسییەوە چەندینجار رووبەڕووی سزا و هەڵاتن لە سلێمانی بووەتەوە.
 

عادیلە خانم 

Image Result
عادیلە خانم

ژنێکی لێهاتوو بووە. دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی تا ساڵی ١٩٣٤ سەرۆکایەتی عەشیرەتی جافەکان دەکاتکە گەرەترین عەشیرت بوون لە کوردستان. 

سۆن ئەدمۆنس، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیز لە عیراق زۆر ستایشێ رۆڵ و لێهاتووی عادیلە خانم دەکات. هەروەها دکتۆر ج.م.لیز-جێگری حاکمی سیاسی عێراق، لە باسی عادییلە خانمدا دەڵێت" عادیلە خانم لەبەر ئەخلاق چاکی و گەورەیی هەموو کوردستانی باشوور لێی دەترسان و بە گەورەشیان رادەگرت و ئیحتیرامیان دەگرت و لە هەموو کارێکدا قسەی رەوابوو".

 

خانزادی میری سۆران 

خانزادی میری سۆران

خانزاد کچی شاقوڵی بەگ و خوشکی میر سولەیمان بەگی میری سۆران بووە. لە ناوەڕاستی سەدەی ١٦ی زایینی لە دایکبووە و لە ساڵی ١٥٩٧ کۆچی دوایی کردووە.

ئەگەرچی ناوی ئەم خانمە لە مێژووی سیاسی کورددا باسیکراوە و خەڵک کچەکانیان بە ناوی ئەو کردووە، بەڵام تا ئێستا لێکۆڵینەوەی قوڵ لەسەر ژیانی نەکراوە، بەڵکو زیاتر گێڕانەوەکان دەماودەم نوسراونەتەوە. 

لە ئەدەبی کوردیدا بە بەیتە شعر باس لە ژیان و ئازایەتی میر خانزاد کراوە. بەشێک لە کارەکانی خانزاد تا ئێستا لە هەریر ماون، لە تەمەنی فەرمانڕەوایەتیدا چەندین قەڵا و مزگەوت و قوتابخانە لە سەر فەرمانی ئەو دروستکراون، هەروەها چەندین شوێنەوار ماون، کە هی سەردەمی  دەسەڵاتی ئەوان بەناوبانگترینیان قەڵای خانزادە لە نێوان پیرمام و شاری هەولێر.

"خانزادی میری سۆران" مێژووی کورد(٢)

 

دایە گوڵە

ژنێکی لێهاتووی دەڤەری پشدەرە. بەهۆی کاری سیاسییەوە لە لایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ کوڕێکی دەستگیر دەکرێت و دواتر لە سێدارە دەدرێت.

 

مامۆستا سنەوبەر

سنەوبەر مەحموود ئەحمەد، کچە مامۆستایەکی خەڵکی دەڤەری پشدەرە، لە کاتی خۆپیشاندان دژ بە رژێمی بەعس لە شاری قەڵادزێ شەهیدبووە.

 

خەجە باوە

لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی مەلاقەرە لە دەشتی هەولێر لە دایکبووە. لە ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە. لە شەڕەکانی ئاخودا، دیدەوان، بێستانە و سماقوڵی بەشداری کردووە. 

لە ساڵی ١٩٩١ لە راپەڕێنە مەزنەکەی گەلی کورد لە کوردستانی باشور شەهیدبووە. 

 

 

دایفە خاتوون

دایفە خاتوون

دایفەخاتوون، برازای سەلاحەدین ئەیوبی، بە پێی زانیارییە مێژووییەکان، لە ساڵی ١١٨٦ لە حەلەب بە لەدایکبووە و لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

لە تەمەنی ٢٥ساڵیدا لەگەڵ کوڕێکی باڵادەستی ئەیوبییەکان هاوسەرگیری کردووە. کاتێک هاوسەرەکەی کۆچی دوایی دەکات، ئەو دەسەڵات دەگرێتە دەست و ماوەی شەش ساڵ فەرمانڕەوایی حەلەب دەکات.

لە دژی هێرشی مەغۆلەکان دانووستان لەگەڵ تونس، شام و کوردستان ئەنجام دەدات و دەبێتە ژنێکی خاوەن هەڵوێست، زیاتر لە هەموو دەسەڵاتدارەکانی دیکە کاریگەری دەبێت و شوێنە ستراتیژییەکان دەکاتە بنکەی سەرەکی و توانیویەتی پێشەنگایەتی شەڕ بکات و دژی هیرشی مەغۆلەکان بووەستێتەوە. 

لە ماوەی دەسەڵاتیدا، چەندین خوێندنگا و فیرگەی ئایینی دروست کردووە.

 

سەییدە ماما خاتوون

کچی یەکێک لە بنەماڵە کوردییە دەیلەمییەکانی سەردەمەکانی ناوەڕاست بووە. کە بوەیهییەکانی رەی (تارانی ئێستا) بوون. ئەم ژنە بۆ ماوەی سی ساڵ شانشینەکەی لە پەلاماری تورکە کۆچەرییەکان و شا غەزنەوییە بەهێزەکەیان، کە ناوی مەحموود بوو پاراست.

باس لەوە دەکرێت کە ماما خاتوون، دیپلۆماسیەت و ئەقڵ و ئازایەتی پێکەوە بەکارهێناوە بۆ سەرکردایەتیکردن و سەرکەوتوو بووە. لە ساڵی (١٠٩٢ ز) حوکمی دایەدەست کوڕەکەی، دەگوترێت دوای ئەوە شانشینەکە لاواز دەبێت.

 

فاتە ڕەش (قەرە فاتم)

فاتە ڕەش (قەرە فاتم)

یەکێکە لە ژنە ناودارەکانی کورد، کە لێهاتوو و ئازابووە. شای مەرەش بووە. لە ساڵی ١٨٥٣ لە دایکبووە. لە ناوچەی رەواندوز ژیاوە. لە کۆتایی ١٨٠٠ کۆچی دوایی کردووە.

مێژوونوسانی ئینگلیز، بە گرنگییەوە باس لە قارەمانێتی قەرە فاتم دەکەن و بە ئەمازۆنی کورد ناوی دەبەن.

لە شەڕی دوورگەی کریما، فاتم بە سەرۆکایەتی ٣٠٠ سوار دەچێتە تورکیا و شەڕ لەگەڵ سوپای رووسیا دەکات. عوسمانییەکان شانازی و ناوبانگی ئەم ژنەیان وەکو جەنگاوەرێکی سوپای عوسمانی باسکردووە.

لە ٢٢ی نیسانی ١٨٥٦ وێنەی لە لاپەڕەی پێشەوەی لەندەن نیوز، بڵاوکراوەتەوە کە رمێکی هەڵگرتووە و ٣٠٠ سوار بە دواوەیەتی.

 

مەیان خاتوون

مەیان خاتوون، ساڵی ١٨٧٤ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٥٧کۆچیدوایی کردووە. بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان باس لە پێگە و لێهاتووی ئەم ژنە دەکەن.

مەیان خاتوون

 لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لەگەڵ میرعەلی بەگ، هاوسەرگیری دەکات و دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، دەبێتە میری ئێزدییان لە شەنگال.

 ماوەیەک بە هۆی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەستلەکاردەکێشێتەوە، بەڵام جارێکی دیکە دوای مردنی کوڕ و کوڕەزاکەی دەبێتەوە میر لە شەنگال، ماوەی ٤٤ ساڵ میرایەتی کردووە.

 

زەریفە

لە گەڵ هاوسەرەکەی لە کۆمەڵەی تەعالی کورد، کاریان کردووە. دواتر دەڕۆنە دەرسیم و بەشداری لە سەرهەڵدانی دەرسیم دەکەن.

دەگێڕنەوە دوای کوژرانی هاوسەرەکەی تۆڵەی دەکاتەوە، بەڵام ئەویش بە فەرمانی ژەنەڕاڵێک دەکوژرێت.

 

قەدەمخێر

یەکێک لە ژنە ناودارەکانی ناوچەی لوڕستانە، رابەرایەتی شۆڕشی پشتکۆیی کردووە و خاوەنی سوپایەکی گەورە و پڕ چەک بووە. 

لە دوای کوشتنی مورادخانی برای بە دەستی ڕەزا شا، قەدەمخێر، پێنج ساڵ قارەمانانە دژی سوپای شا دەجەنگێت، کاتێک دووژمن دەزانێت شەڕکردن لە گەڵی بێسوودە، بە ڕێگای نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی ناوخۆ، شۆڕشەکە سەرکوت دەکەن و رەزا شا، ١٧ کەس لە ئەندامانی ئەو شۆڕشە لەسێدارە دەدات و قەدەمخێریش بە دیل دەگرێت و تا کۆتایی تەمەنی لە زینداندا دەبێت.

(مێژووی  ژنانی کورد)(٣)

 

لەیلا زانا

لە ساڵی ١٩٦١ لە شارۆچکەی فارقینی سەر بە پارێزگای دیاربەکر لە باکووری کوردستان لە دایکبووە. 

لەیلا زانا

بەهۆی خەباتی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی دیموکراتی لە تورکیا، شەش خەڵاتی جیهانی بە دەستهێناوە. 

لە ساڵی ١٩٩١ بەهۆی ئەوەی بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد، ماوەی دە ساڵ سزای زیندانی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەسەردا سەپێنرا.

ئێستا وەکو کەسایەتییەک سەربەخۆ لە باکوری کوردستان دەژیت.

 

سەرچاوەکان:

١_ (کورد) ن: مەهرداد ر. ئیزەدی- و: شێرکۆ ئە‌حمەد ‌حەوێز

٢_ (باری سیاسی ئافرەتی کورد لە باشووری کوردستان) د. کوردستان موکریانی

٣_ (ئافرەتیزم) مهاباد قەرەداخی

٤_ https://www.historyofkurd.com/

٥_ https://rojnews.news

٦-(خانی لەپزێڕین و شەڕی شەش مانگەی قەڵای دم دم) محەمەد گۆران.

 

 

یەکەمین رێکخراوەکانی ژنی کورد لە مێژوودا

کۆمەڵەی پێشخستنی ژنان کورد

یەکەمین هەوڵی کاری رێکخراوەیی ژنی کورد، لە ساڵی ١٩١٩دا لە ئەستەمبوڵ بووە. لەو کاتەدا ژمارەیەک لە کەسایەتی رۆشنبیری کوردستانی باشوور لە وێ بوون. 

( کۆمەڵەی پێشخستنی ژنان کورد) لە لایەن ئەنجوم خانی مستەفا پاشای یامولکی، ئامینە خانمی هاوسەری سەید رەزا، ئامیینەخانمی هاوسەری شەریف پاشای خەندان، گوزیدەخانی هاوسەری عەبدولعەزیزی یامولکی دامەزرێنراوە. 

ئامانجی ئەم رێخراوە یارمەتیدانی ئەو ژن و منداڵانە بووە، کە کە لە جەنگی جیهانی دووەم زیانمەندبوون. 

 

کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد

لە ساڵی ١٩٤٧ حەپسەخانی نەقیب، (کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد)ی دامەزراند و هانی کچانی کوردیی دەدا کە بخوێنن. لە کاتی تەنگژە سیاسییەکاندا نامەی بۆ بەرپرسان و ناوەندەکانی بڕیاری جیهان دەنوسێ. نامەکەی حەپسەخان بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکانی نوسی بە یاداشتێێکی مێژوویی گرنگ دادەنرێت. حەپسەخانی عیرفانە فەنی خێزانی جەمیل سائیب سکرتێری بووە.(1)

 

کۆمەڵی ئافرەتانی شۆڕشگێڕی کوردستان

لە ساڵی ١٩٤٥ کۆمەڵێک ژن بە ناوی (کۆمەڵی ئافرەتانی شۆڕشگێڕی کوردستان) بوون بە چەند بەشێک وەکو: بەرگدرو، کرێکار و جوتیار، هەریەک بە بڕێک پارە بەشدارییان لە سندوقی یارمەتی نەدار و هەژارەکاندا کرد. 

ناوی ئەم ژنانە هەمووی دیارنییە تەنیا یەک خانم ئاماژە بە ناوەکەی کراوە کە دایکی شەهیدێکە و ناوی(ئەجێ خان)ە. 

 

یەکێتی دایکانی دیموکراتی کوردستان

لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦، رێکخراوی(دایکانی دیموکراتی کوردستان) (یایا) بە سەرکایەتی مینا خانمی خێزانی قازی محەمەد دامەزرا و چالاکی هونەری، رۆشنبیری  و سیاسییان ئەنجامدەدا. 

لەم کاتەدا مینا خانم بە هاوکاری چەند خانمێکی تری کورد، هەوڵیان داوە تەواوکاری کارەکانی کۆماری کوردستان بن و لەگەڵ کاری سیاسیی، پەرە   بەکاری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیش بدەن.(2)

 

کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان

لە ساڵی ١٩٥٢ رێکخراوێکی ئافرەتان دامەزرا، رێکخراوێکی ئافرەتانی سەر بە حزبی شیوعی عیراقی بووە. یەکەمین سەرۆکی رێکخراوەکە د.نەزیهە دلێمی بووە. کاریان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان کردووە لە ناو کۆمەڵگە. لە هەموو شارەکانی کوردستان لقی هەبووە. 

 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

لە ساڵ ١٩٥٢ لە لایەن رێبەری بزووتبەوەی رزگاریخوازی کورد، مەلا مستەفا بارزانی دامەزرێنراوە.  ناهیدەی شێخ سەلام یەکەمین سەرۆکی ئەم رێکخراوە بووە. لە شؤڕشە بەناوبانگەکاندا رۆڵێ بەرچاویان هەبووە. چەندین ژژنی بەناوبانگی کورد لەم رێکخراوەدا کاروچالاکییان هەبووە. 

ئەم رێکخراوقە شانبەشانی کاری سیاسی، کاری پەرەپێدانی رۆشنبیری  و کۆمەڵایەتیشی داوە. تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە کارکردن.(3)

 

سەرچاوەکان:

1_ ژنێک لە سێبەری مێژوودا" 
   https://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=4014&type=farhang 

2_ "مینا خانم هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد"
https://www.helinmedia.org/all-detail.aspx?jimare=1082

3_ "ئافرەتیزم" مهاباد قەرەداخی

 

رێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان لە هەرێمی کوردستان

 

یەکەم : یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو پارتێکی سیاسی لە ساڵی ١٩٤٦ بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا، لەدوای ساڵانێکی خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی، هەر بە دەستپێشخەریی مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی حزب لە ساڵی ١٩٦٣ رێکخراوێک بەناوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ١٩٥٢.١٢.١١ دامەزراوە و لە ماوەی تەمەنیدا ھەشت کۆنگرەی بەستووە، یەکەم کۆنگرەی لە ساڵی ١٩٦٣ بەشێوەیەکی نھێنی ئەنجامدراوە، بەھییە مەعروف، کراوەتە سکرتێری ئافرەتان و ناوی یەکێتییەکە لە یەکێتی ئافرەتانی دیموکراتی کوردستان، گۆڕدراوە بە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.

لۆگۆ

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕێکخراوێکی مرۆییە لەبواری ئافرەتان کاردەکات لە کوردستانی باشور و مەڵبەندە کوردییە جیھانییەکان، مەبەست لە دامەزراندنی رێکخراوەکە لەوساتەدا کۆکردنەوە و ڕێکخستنی تواناکانی ئافرەتان بوو لەبەشداریکردنیان لە شۆرشی ئەیلول و پایە رامیاری و کۆمەڵایەتیەکان. بەپێی دەستوور و پەیرەوی ناوەخۆی رێکخراوەکە پێویستە ھەر سێ ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنھا ھەشت کۆنگرەی بەستوە، کۆنگرەی یەکەمی بەبەشداری دەستەی دامەزرێنەرانی بەسترا کە ھەریەکە لە (درەخشان جەلال حەفید، سورەیای مەلای گەورە و ناجیە موستەفا فەندی و ناجیە میرزا غەفوور) بوون.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەماوەی تەمەنی خۆیدا هەشت کۆنگرەی بەستووە، کە بەمجۆرە بوون:

کۆنگرەی یەکەم: 

یەکەم کۆنگرەی یەکێتی ئافرەتان لە ساڵی ١٩٦٣.٢.١ بەشێوەیەکی نهێنی ئەنجامدراوە، بەهییە مەعروف کراوەتە سکرتێری ئافرەتان و ناوی یەکێتییەکە لە یەکێتی ئافرەتانی دیموکراتی کوردستان، گۆڕدراوە بە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان. 

کۆنگرەی دووەم: 


لــە رێکەوتــی ١٩٧١.٤.١٨ یەکێتــی ئافرەتانــی کوردســتان لــە  لــە بەغــدا کۆنگــرەی دووەمــی خــۆی بەســت و زەکیــە ئیســماعیل حەقــی بــە ســکتێر هەڵبژێــردرا. 

 کۆنگـرەی سـێیەم:

لە رێکەوتی ١٩٧٢.٤.٢٧ دا لە مەسـیف سـەڵاحەدین کۆنگـرەی سـێیەم بەسـترا و زەکیـە ئیسـماعیل حەقـی، بـە سـکرتێر هەڵبژێـردرا.

کۆنگرەی چوارەم:

لــە رێکەوتــی ١٩٩٧.٧.٢٧ لــە شــاری هەولێــر لەژێــر دروشــمی یەکســانی بەســترا و شــیرین ئامێــدی بــە ســکرتێر هەڵبژێــردرا.

کۆنگرەی پێنجەم: 

لــە رێکەوتــی ٢٠٠١.١٠.٢٧ لــە شــاری هەولێــر لە ژێــر دروشــمی (ئاشــتی، یەکســانی، دادپــەروەری کۆمەڵایەتــی) بەســترا و شــیرین
ئامێــدی بــە ســکرتێرهەڵبژێــردرا.

کۆنگرەی شەشەم:

لــە رێکەوتــی ٢٠٠٧.٣.١٢ لەژێــر دروشــمی (پەرەپێدانــی توانــای ئافرەتــان لەپێنــاو بنیاتنانــی کۆمەڵگەیەکــی یەکســان) لـە  هەولێـردا  بەسـترا و دکتـۆر کوردسـتان موکریانـی بــە ســکرتێر هەڵبژێــردرا.

کۆنگرەی حەوتەم:

 لــە رێکەوتــی ٢٠١٠.٨.٤ لـە هەولێـر، لــە ژێــر درووشــمی (بــەرەو کۆمەڵگایەکــی مەدەنــی و ئایندەیەکـی پرشـنگدارتر) دەسـتی بـە کارەکانـی خـۆی کـرد و د.ڤیــان ســلیمان، بــە ســکرتێر هەڵبژێــردرا.

کۆنگرەی هەشتەم:

لــە رێکەوتــی ٢٠١٨.٤.٣  لــە ژێــر نــاوی (نیشــتیمان) و بــە دروشــمی (تواناســازی ئافــرەت، جڤاکــی پێشــکەوتوو) بــە د. ڤیــان ســلیمان بــە ســکرتێر هەڵبژێــردرا.

ئامانجەکانی رێکخراوەکە:

ئامانجــی ســەرەکی و تــەوەری دامەزراندنــی ئــەم رێکخــراوە، خــۆی لــە بــرەودان بــە هــزر و توانــای ئافــرەت بــۆ داکۆکیکــردن لــە مافەکانــی و بەشــداریکردنی لــە پرســە نەتەوەیـی و جڤاکـی، هاوتـای رەگـەزی بەرامبـەر دەبینێتـەوە، بەشــداری کردنی ئافــرەت لــە  خەباتــی نەتەوەیــی لــەوەوە سـەرچاوە دەگرێـت.
 ئامانجـی دووەم: یەکسـانییە لــە نێــوان هــەردوو رەگــەزدا لــە ســەرجەم جومگەکانــی ژیانــی جڤاکــی مــرۆڤ.


دووەم: کۆمەڵەی مافی ئافرەتانی کوردستان / عێراق 

 لە ساڵی ١٩٥٢ لە ژێر ناوی کۆمەڵەی مافی ئافرەتانی عێراق دامەزراوە و کە لقی رێکخراوی ئافرەتانی حزبی شیوعی عێراق بوون لە شارەکانی کوردستاندا کاروچالاکیان ئەنجامدەدا.
یەکەمین سەرۆکی ئەو رێکخراوە، د. نەزیهە دلێمی بووە. 

یەکەمین گۆڤاری ژنان لە سلێمانی لە ١٩٥٢ لە لایەن ئافەرتانی شیوعییەوە بە ناوی (ئافرەتی ئازاد) بە زمانی کوردی دەرچووە.

لە کوردستان لە هەموو شار و شارۆچکەکان لقی هەبووە و لە گەڵ جیابوونەوەیان لەگەڵ بەشە عێراقییەکە بوون بە حزبی شیوعی کوردستان دواتر رێکخراوەکەش ناوی بوو بە “کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان”؛ شوکریە حەمەدەمین رەواندوزی ناسراو بە دایکی ئامێز بوو بە بەرپرسی ئەم رێکخراوە لە هەولێر و لە دوای راپەڕینەوە لە کۆنگرەی سێیەم شنو مەجید بە بەرپرسی ئەم رێکخراوە هەڵبژێردرا. 

کۆنگرە:

ئەم رێکخراوە سێ کۆنگرەی بەستووە.

کۆنگرەی یەکەمی ئەم رێکخراوە لە ٨ی ئاداری ١٩٥٢ بەستراوە، عەبدولکەریم قاسم خۆی ئامادە بووە و گوتەی هەبووە.

 

سيیەم: یەکێتی ژنانی کوردستان


یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزرا، ئەم حزبە خۆی بە حزبێکی سۆشیال دیموکرات دەناسێنێت، بەشدار بووە لە هەڵایسانی شۆڕشەکانی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی خۆی بەناوی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ناو دەبات، یەکێتی بۆ رێکخستنی کاروباری ژنان رێکخراوێکی دامەزراند بەناوی یەکێتی ژنانی کوردستان. یەکێتی ژنان بەشداریی کارای هەبووە لە شۆڕشی یەکێتیدا، خەباتی شاخ و شاریان کردووە.

لۆگۆ

یەکێتی ژنانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٩ لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کافیە سلێمان و ژمارەیەک ژنی دیکە لە دەرەوەی وڵات دامەزراوە؛ رێکخراوێکی جەماوەرییە و سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. لە هەولێر، سلێمانی، بادینان، کەرکوک، سۆران، کۆیە، راپەڕین، چەمچەماڵ، گەرمیان، دوکان، خانەقین، شارەزور، شینگال و دوزخورماتوو لق و بارەگایان هەیە.


ئەم رێکخراوە تەنیا یەک کۆنگرەی بەستووە:

لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەستووە. کافیە سلێمان، ئەندامی دەستەی دامەزراندنی یەکێتی ژنان، بووەتە سکرتێری رێکخراوەکە. ١١ ئەندامی دیکە بوونەتە ئەندامی سکرتاریەت. تا ئێستا هیچ کۆنگرەیەکی تری نەبەستووە.

یەکێتی ژنانی کوردستان، لە ژێر دروشمی (ژن. خەبات، ژیان) کاردەکات. گۆڤاری تەوار و رۆژنامەی ژیانەوە لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی ژنانەوە بڵاودەبنەوە و تا ئێستا بەردەوامن. لە ساڵی ١٩٩١ لە شاری سلێمانی چالاکی مەدەنییان دەستپێکردووە.

 ئامانجی ئەم رێکخراوە:

یەک: لابردنی هەڵاواردنی رەگەزی 
دوو: مافی یەکسانی
سێ: بەشداریپێکردنی ژنان لە سەرجەم کایەکانی ژیان بەتایبەت سیاسی و ئابووری.

 

چوارەم: رێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئسیلامی  


یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، حیزبێکی ئیسلامی سوننەیە لە باشووری کوردستان، لە ئێستادا لە پەرلەمانی کوردستان وەک لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەردەکەوێت. یەکگرتوو بە حیزبێکی نزیک و لایەنگیر لە ئیخوان موسلمین دادەنرێت. بەر لە راپەڕینی خەڵکی کوردستان رێکخستنەکانی سەر بە رێکخراوی ئیخوان موسلمین بە نهێنی لە کوردستان کاریان دەکرد، لەدوای راپەڕین و لە ساڵی    
١٩٩٤ ئەم رێکخستنە حزبێکی دامەزراند بەناوی یەکگرتووی ئسیلامی کوردستان.

لۆگۆ

یەکگرتووی ئسیلامی کوردستانیش، بۆ رێکخستنی خەباتی ژنان لە چوارچێوەی باوەڕەکانی خۆیدا، لە ١٩٩٤.١٠.٢٦ رێکخراوی ژنانی دامەزاند، بەناوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان. لە سەرتاسەرى کوردستان ٢٥ لق و ناوچەیان هەیە. رێکخراوێکى جەماوەری ناحکومی ئافرەتانە.

ئامانجی ئەم رێکخراوە: 

بۆ چەسپاندنى ماف و هێنانەدى خواست و گەشەپێدانى تواناکانی ئافرەتان، بە دیدێکى ئیسلامیانەى هاوچەرخى میانەرەو تێدەکۆشێت.
بە دروشمى: (هوشیارى، خێزان، گەشەپێدان) کار دەکات.
ئەم رێکخراوەیە هەر چوار ساڵ جارێک، بە ئامادە بوونی دوو لەسەر سێی ئەندامان، کونگرە دەبەستێت.
رێکخراوە هەشت کۆنگرەی بەستووە و دوا کۆنگرەیان لە رۆژی ٢٥ دیسەمبەری ٢٠٢١ بووە.
 

پێنجەم: رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان


کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە ساڵی ٢٠٠١ لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، جیابووەتەوە لە ساڵی ٢٠٢١، پاشگری ئیسلامی لە ناوی حزبەکەی کردووەو لە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانەوە گۆڕی بۆ کۆمەڵی دادگەری کوردستان.

لۆگۆ



رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، رێکخراوێکی سەر بە کۆمەڵی دادگەری کوردستانە، لە ٢ی ئابی ١٩٩٢ دامەزراوە.

دروشمیان (خێزان، پەروەردە، گەشیپێدان)ە. سەدا بیست و پێنج لە کۆمەڵی دادگەری وەک رێژەی کۆتا بۆ ژنان تەرخانکراوە. لە کۆی ٢٢ ئەندامی سەرکردایەتی ئەم حزبە، چوار ئەندامیان ژنە.

رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، تا ئێستا چوار کۆنگرەیان بەستووە، قومریە شێخ محەمەد بەرزنجی، سکرتێری رێکخراوەکەیە. ئەنجومەنی سەرکردایەتی رێکخراوەکەو شەش لقیان لە شارەکانی کوردستان هەیە. 
ئەندامبوون لەم رێکخراوە مەرجە بە هەبوونی باکگراوندێکی ئیسلامی و سەرجەم ئەندامانیان باڵاپۆشن.

ئامانجی ئەم رێکخراوەیە:

(خزمەتکردن و هاوکاری کردنی ژنانە) لە ناو کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە پێی ئەو چوارچێوەیەی کە ئاینی ئیسلام دایناوە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین