حه‌لبووسى: ئه‌گه‌ر وا بڕوات كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دان به‌ ده‌وڵه‌تى عێراق نانێ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشدارى به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌دات وده‌ڵێ، "عێراق به‌ره‌و نه‌بوونى شه‌رعیه‌ت ده‌ڕوات و ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دان به‌ ته‌واوى پرۆسه‌ى سیاسى و ده‌وڵه‌تى عێراق نه‌نێ".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/ئاب/2022 لایه‌نگرانى سه‌در  له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق مانگرتنیان راگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى لێكراوه‌ كاره‌كانى راده‌گرێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ ناوخۆى و ده‌ره‌وه‌ى عێراق كاردانه‌وه‌ى جیاوازى لێكه‌وته‌وه‌.

محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌له‌مانى عێراق له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى په‌رله‌مان به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "پێشتر به‌شدارییمان له‌ هه‌ڵبژاردنى كۆتایى ساڵى رابردوو كرد، كه‌ دواى ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ بوو كه‌ داواى گۆڕانى حكومه‌ت و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى ده‌كرد. ئامانجمان چاككردنى بارودۆخه‌كه‌ بوو، بۆ ئه‌وه‌ى پانتاییه‌ك به‌ هێزه‌ تازه‌كان بده‌ین به‌شدارى سیاسییان هه‌بێت، رۆڵیان له‌ بڕیارى سیاسى ناو په‌رله‌مان هه‌بێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌یش ئامانجمان سه‌قامگیرى بوو له‌كارى سیاسى و ئه‌نجامدانى چاكسازى راسته‌قینه‌ له‌ میانه‌ى دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان".

حه‌لبووسى به‌ داخه‌ له‌وه‌ى كه‌ به‌ هیچ یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ نه‌گه‌یشتووون و به‌ڵكو بارودۆخه‌كه‌ خراپتر بووه‌، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێ، "به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێیگه‌یشتووین زۆر له‌وه‌ى رابردوو خراپتره‌ و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان په‌كخراون: ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران په‌كخراوه‌، ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى په‌كخراوه‌، حكومه‌ت كاربه‌ڕێكه‌ره‌".

حه‌لبووسى له‌كۆتایى به‌یاننامه‌كه‌ى هۆشداریى ده‌دات و ده‌ڵێ، "ده‌بێت هه‌موومان كار به‌ ده‌ستوور بكه‌ین، له‌ ئاستى به‌رپرسیارێتى بین، تا وڵات له‌و ته‌نگژه‌یه‌ ده‌رباز بكه‌ین كه‌ خه‌ریكه‌ به‌ره‌و نه‌بوونى شه‌رعیه‌ت ده‌چێت و ئه‌مه‌یش ده‌بێت هۆى ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دان به‌ ته‌واوى پرۆسه‌ى سیاسى و په‌یكه‌ربه‌ندى ده‌وڵه‌ت و ده‌رهاوێشته‌كانى نه‌بێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین